ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفاڵکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت

0

نوچە

ئەمڕۆ (چوارشەممە ٣١-٧-٢٠١٩)، ٣٦ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفاڵکردنی بارزانییەكان تێدەپەڕێت، کە تێیدا هەشت هەزار هاوڵاتی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران.

سی و شەش ساڵ پێش ئێستا دەسەڵاتی ئەوكاتەی عێراق، بە فەرمانی سەدام حوسێن، شاڵاوی رەشبگیریی بارزانییەكانی لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەستیپێکرد و رایانگواستن بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.

تەنیا دوو مانگ دوای ئەو کارە، سەدام حوسێن مەبەستی رژێمەکەی لەو تاوانە نەشاردەوە و بە ئاشکرا لە دەزگاکانی میدیاوە رایگەیاند “ئەوانە بە توندی سزای خۆیان وەرگرت و فڕێ درانە دۆزەخەوە”.

بە گوێرەی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوانەکانی راگواستنی زۆرەملێیانەی کوردانی فەیلی و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، تاوانی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکانیش، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بە تاوانی جینۆساید بناسێرنێت.

. دوای ساڵی ٢٠٠٥، لە کۆی ١٦ دۆسیەی کورد لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا، تەنیا شەش دۆسیە یەکلایی کرایەوە، لەوانە کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێ سەروشوێنکردنی بارزانیەکان، و فەیللیەکان، بە جینۆساید ناسێنران.

هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق، لە٣-٥-٢٠١١، بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراقی داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە.

لەساڵی ٢٠٠٥ رووفاتی ٥٠٣ کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لەساڵی ٢٠١٤ ـیش ٩٣ رووفاتی دیكە لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێنرانەوە بارزان، گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیکە بەردەوامە.

یادەکە لەکاتێکدایە پرۆسەی دەرهێنانەوەی رووفاتەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە دەستی پێکردووە، لەکۆی ٨٠ رووفات زیاتر لە ٦٠ رووفاتیان پرۆسەی پاککردنەوە و ھەڵگرتنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە كاتژمێرچوار و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە ٣١-٧-٢٠١٩) لەژێر دروشمی “لە جینۆسایدەوە بۆ ئارامی و ژیان” وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە هەماهەنگی یەكە ئیدارییەكانی قەزای مێرگەسۆر، بیروەریی ٣٦ـمین ساڵیادی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەكان، لە گۆڕستانی قوربانیان لە دەڤەری بارزان، بە دانانی تاجەگوڵینە و چەند چالاكییەك یادەكە بەرزر رادبگیرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com