نوچە-دیوار
جٶم ئۆزدمیر، سەرۆکی پێشووی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا و نوێنەری ئەم پارتە لە پەرلەمان، لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ سایتی دیوار، بە ئاماژەدان بە بەندکرانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، دەڵێت “دەمیرتاش هەلێکی گەورە بوو لە بەردەم تورکیا، بەڵام لە لایەن ئەم وڵاتەوە پشتگوێ خرا”.
سەرۆکی پێشووی سەوزەکانی ئەڵمانیا، لە وەسفی کەسایەتی دەمیرتاش دەڵێت: دەمیرتاش کەسێکی بە توانا، کاریزما، ڕاستگۆیە و لەوەی، کە دەیناسم بەختەوەرم. ئەو دەیتوانی بە شێوەی سیاسیانە لە سەر تورکیا شوێندانەر بێت.
لە بارەی بەندکرانی سەرۆکی پێشووی هەدەپە، ئەم پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا دەڵێت، بەندکرانی دەمیرتاش زۆرتر لە چارەنووسی کوژرانی هەرانت دەچێت، هەرانت بۆ کوژرا؟ چونکە توانای ئەوەی هەبوو، کە سەرنجی توێژەکانی کۆمەڵگای بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. هەر بۆیە تیرۆریان کرد. هۆکاری بەندکرانی دەمیرتاشیش هەر ئەمەیە، ئەو دەیتوانی کڵیشەکان تێکبشکێنێت، هەر بۆیە ئەنقەرە بڕیاری دا بخرێتە زیندانەوە.