نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ ڕێکخستەوەی کاری ڕیکلام کردن لە هەرێم پڕۆژەیاسایەکمان ئامادەکردووەکە فەوزای رێكلام چارەسەر دەكات.
ڕیکلام کردن، بۆ کاڵاو شتومەکەکانی خواردن و پێداویستییەکانی تری ژیان، هۆکارێکی کاریگەرە بۆ بە بازاڕکردنیان، هەرێمی کوردستانش بەدوور نییە لەو شێوازە تازەی دونیای پێشکەوتوو، بەڵام ئەوەی، کە لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت بە بڕوای شارەزایان، ڕێکلام بەشێوەیەکی تانەندروست بەکاردێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی ڕیکلام، ڕیگەیاند “پێمانوایە لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی لە بواری ڕیکلامدا زۆرە و دەمانەوێت ئەم بوارە بەیاسا ڕێکبخەین، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمان، پڕۆژە یاسایەكی ئامادەكردووە لە بارەی رێكخستنی رێكلام لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ٣٠-٧-٢٠١٩ لیژنەکەمان پڕۆژەیاساکەی خستەبەرباس و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ٢٠ـی مانگی داهاتوویش، دوا بۆچوونی لیژنەکەمان پەسەند بکرێت”.
وەردی گوتیشی “بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەیاساکە، بڕیارە کۆنفرانسی بۆ ئەنجامبدەین و بۆچوونی کەسانی شارەزا و تایبەتمەند لەم بوارە وەربگرین، دواتر ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەوەی لەوەرزی دووەمی یاسادانان بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان”.
سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، کە بواری ڕیکلام بەشێوازێکی بەرفراوان بەکار دێت، ئەتوانم بڵێم بێسەروبەرییەکی زۆری پێوەدیارە و بەکارهێنانی بەشێوازێکی ڕێکخراو نییە. دەشڵێت “بواری ڕیکلام کایە جۆراو جۆرەکانی ژیانی گرتووەتەوە، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و تەندروستی، هەروەها بەکارهێنانی منداڵ لە ڕیکلامەکاندا، کە کاریگەری زۆری هەیە لە بواری ڕیکلام”.