نوچە-ئاژانسەکان
نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یونما)، دوایین ئاماری قوربانیانی مەدەنی ئەفغانستانی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنها لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، بە هۆی شەڕ و بەریەککەوتن لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانستان و گروپە دژبەرەکانی ئەم وڵاتە، نزیک بە چوار هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ سێشەممە٣٠ی جولای، نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند، لانیکەم سێ هەزار و ٨١٢ کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە لە ئەنجامی شەڕ و بەریەککەوتن گیانیان لە دەست داوە.
ڕاپۆرتەکەی یونما هەروەها دەڵێت، رێژەی کوژراوانی مەدەنی ئەم وڵاتە بە بەراورد لە گەڵ ساڵانی پێشوو دابەزیوە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، تەنها لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، هەزار و ٣٦٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و دوو هەزار و ٤٤٦ کەسیش بریندار بوونە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: تاڵیبان و داعش، تەنها لە مانگی جانیوەری، لانیکەم ٥٢١ کەسیان کوشتووە و زیاتر لە هەزار و ٤٣٠ کەسیشیان بریندار کردووە.
هەروەها بە هۆی هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان، زیاتر لە ٩٨٥ کەس لە بەرپرسانی حکومەتی، فریاگوزاران، سەرۆک عەشیرەتەکان و کەسانی ئایینی کراونەتە ئامانج.