نوچەنێت-روداو
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكان لە هەرێمی كوردستان بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو دەستكاریی هەندێك لە بڕگە و ماددەكانی بكرێت. هەرچەندە هەرسێ فراكسیۆنە گەورەكەی نێو پەرلەمان دەڵێن بۆ پێكهێنانی حكومەت چاكسازیی رێككەوتنی سیاسی لەسەر كراوە، بەڵام پەرلەمانتارێك دەڵێ تاوەكو ئێستاش بۆ پرسی مووچەی بندیواران، پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان ببووە گۆڕەپانی مشتومڕێكی گەرم لە نێوان فراكسیۆنەكان. مشتومڕەكەش لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی بوو كە حكومەت ناردبووی بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی بیكەن بە یاسا. هەرچەندە قۆناغی زۆریشی بڕی، بەڵام دواجار پەرلەمانتاران نەیانتوانی یاساكە بەوشێوەیە پەسەند بكەن كە باری قورسی سەرشانی حكومەت لەڕووی داراییەوە سووكتر بكات و دواتر بەجێما بۆ كابینەی نۆ.
رێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەمی یاسادانان دەكەن بۆئەوەی كار لەسەر پرۆژە یاساكە بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە هی حكومەتە و حكومەت ناردوویەتی بۆ پەرلەمان، دەبێت چاوەڕوان بین حكومەت بۆیان بنێرێتەوە “ئەمساڵ لێكتێگەیشتنی باشتر لە نێوان فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان هەیە و لەوانەشە هەندێك بۆچوونی جیاوازیش هەبن”.
ئایا حكومەت بە هەندێك دەستكارییەوە دەینێرێتەوە بۆ پەرلەمان یاخود سەرلەبەری پرۆژە یاساكە دەگۆڕێت؟ رێبوار بابكەیی دەڵێ: “حكومەت دەستكاریی هەندێك بڕگە و ماددەی دەكات”.
بە گوتەی بابكەیی، لەسەر ئاستی دامەزراوەكان، وەك پەرلەمان و حكومەت و هەم لەسەر ئاستی فراكسیۆنەكانیش لێكتێگیشتنی باشتر هەیە، بەڵام پێشبینی دەكات خاڵێكی پرۆژە یاساكە لەنێوان ئەوان و یەكێتیدا ببێتە جێگای موناقەشە كە ئەویش بابەتی مووچەی بندیوارەكانە. بابكەیی دەڵێت: “ئێمە لەوبارەیەوە بڕیاری كۆتاییمان ئەوەیە بڕینی مووچەی بندیوارەكان ئەگەر زیانی زۆر گەورەش بە پارتی بگەیێنێ، دەبێ مووچەی بندیوار نەمێنێ و كۆتایی بێت”.
ئەو پاڵەپەستۆ و گوشارە زۆرەی مووچەی بندیوار، یان دوو مووچە و سێ مووچە لەسەر كەرتی گشتی و بودجەی هەرێمی كوردستان دروستیكردووە، بۆ ساڵانی 2010 تاوەكو 2012 دەگەڕێتەوە. هەر حیزبە و لەڕێگای داواكارییەكانی لە حكومەت، ژمارەیەكی زۆر ئەندام و لایەنگر و كادری خۆی دامەزراند، یان لەسەر میلاكی حكومەت خانەنشینی كردن.
لوقمان وەردی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە حیزبەكەی دژی یاسای چاكسازی بێت، هەروەكچۆن دژی ئەوەشە حیزبەكەی تۆمەتبار بكرێت بە دژایەتیكردنی یاساكە لەبەر كەسانێك كە بەهۆكاری جیاواز خانەنشینكراون و دەڵێ: “دەبێت جارێ چاوەڕوان بین حكومەت یاساكە بنێرێتەوە و سەیری بكەین بزانین چی تێدایە و چۆنە. ئەگەر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێ، بێگومان پاڵپشتی دەبین و پەسەندی دەكەین”.
لوقمان وەردی، نایشارێتەوە كە لە هەموو حیزبەكان “كەسانێكی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر” خانەنشین كراون یان مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە: “بەڵام ئەگەر پارتی زۆرتری نەبێت كەمتری نییە، هەروەها گۆڕانیش هەیەتی، بۆیە تۆمەتێكی بێبنەمایە دەدرێتە پاڵ یەكێتی”.
بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، پێیوایە مەسەلەی چاكسازیی بابەتێكی چەندە پێویستە، ئەوەندەش ئاڵۆزە و دەبێت چاكسازیی راستەقینە بێت “نابێت تەنیا باسی مووچەی زۆر، یان بندیوار یان دوو مووچە بكرێت، بەڵكو دەبێت باسی ئەو هەموو پەرلەمانتار و بەرپرسەش بكرێت كە ئۆردوویەك پاسەوانیان هەیە و بەشێك لە پاسەوانەكانیان وەهمین و مووچەكانیان ئەو بەرپرسانە وەریدەگرن”.
ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، پێیوایە چاكسازیی ئەگەر گەورەبێت یان بچووك: “هەڵەیە ئەگەر بەبێ رێككەوتنی پێشوەختەی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی بنێردرێتە پەرلەمان، چونكە سێ حیزبە سەرەكییەكەی نێو پەرلەمان بەبێ رێككەوتنی سیاسی ناتوانن هیچ پرسێك لە نێو پەرلەمان تێپەڕێنن”.
لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمەوە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان، پێش ئەوەی پۆست و بەركەوتەكانیان لە كابینەی نوێ ببڕێننەوە، واژۆیان لەسەر رێككەوتنێكی سیاسی كردووە كە ئەویش بووە بناغەی كارنامەی حكومەت. بابەتی چاكسازیش ئەو پرسە هەستیارە بوو كە پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە باسی دەكات و بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) مەسروور بارزانی، سەرقاڵی ئەوەیە دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان، پرۆژە یاساكە بە هەندێك دەستكارییەوە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان كە گۆڕانكارییەكانی بریتی دەبن لە: كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان، زیاتركردنی مووچە كەمەكانی وەك خانەنشینی مەدەنی، بڕینی مووچەی بندیوارەكان. كاركردن بە ئەنجامەكانی بایۆمەتری و چەند گۆڕانكارییەكی دیكە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە (رووداو)ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوامان لە پەرلەمانی كوردستان كرد: “هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی لە كابینەی پێشوو نێردرابوون بۆ پەرلەمان و نەكراونەتە یاسا بۆمان بنێرنەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیان پێدا بكرێت و بنێردرێنەوە بۆ پەرلەمان، پرۆژە یاسای چاكسازیش یەكێكە لەوانە”.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “پرۆژە یاسای چاكسازی تەنیا دەوڵەمەندتر دەكرێت و دەستكاریی زۆری ناكرێت، چونكە پرۆژە یاسایەكی زۆر باشە و بە زۆر فلتەردا تێپەڕیوە، هەربۆیە پێویستی بە دەستكاری زۆر نابێت”.
شاخەوان رەئوف، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان باسی رێككەوتنی سیاسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دەكات و دەڵێ لە سەرەتاوە كاتێك پارتی سەردانی گۆڕانیان كرد بۆ بەشداری لە حكومەت، پارتی بەڵێنی پەسەندكردنی یاسای چاكسازی داوە “ئێمەش یەكەم قسەمان لەسەر ئەوە بووە، لەگەڵ فراكسیۆنی پارتیش قسەمان لەبارەوە كردووە و بڕیارە كاری لەسەر بكرێت”.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت یەكێك لەو خاڵانەی ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە بۆ چوار ساڵی داهاتوو چاكسازییە “گومانێك دروست بووبوو كە پارتی بەشێك لە مووچەخۆرەكانی خۆی لە جێگای دیكە و بەشێوەیەك لە شێوەكان چارەسەر كردووە. ئەگەر بابەتەكە بەو شێوەیە نەكەوێتەوە، چاكسازی پرۆسەیەكە دەبێت پشتیوانی بكرێت”.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) حكومەت دەیەوێت یاساكە بەشێوەیەك پەسەند بكرێت كە یەكەكانی ژمێریاریی مووچەی خانەنشینی هێزەكانی 70 و 80 ی پێشمەرگەش یەكبخاتەوە و ئەوەش پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ قۆناغی داهاتوو ئاسانتر دەكات.
بژار خالد، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: “هێشتا حكومەت ئەو یاسایەی بۆ ئێمە نەناردووە، بەڵام ئێستا 25 پرۆژە یاسا لەبەردەستی ئێمەیە بۆ ئەوەی ئامادە بكرێت و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت”.
وەك ئەو باسی كرد، پرۆژەكانی بەردەستیان بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی، رێگاوبان، زەویوزار، كشتوكاڵ، پەروەردە، خوێندنی باڵا، مووچەی پێشمەرگە پێشكەش كراون.