نوچە
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی جوڵانەوەکە، لەسەر سکاڵای خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، روو لە یەکێتی دەڵێت “ترسنۆکانە لە ژێرەوە شەڕی خۆتان بە چەند دادوەرێک دەکەن، کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە”.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە دوێنێ یەکشەممە ٢٨-٧-٢٠١٩، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی لەسەر سکاڵای خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند بەپێی بە ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکرد.
لە راگەیێندراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرجەم رەخنەکانی رووبەڕووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووەتەوە و دەڵێت “یەكێتی بەم جۆرە هەوڵ و فشارانە دەیەوێت شكستە ناوخۆییەكانی، باڵباڵێن و پەرتەوازەیی و فەرامۆشکردن و حساب بۆ نەکردنی لەلایەن پارتییەوە داپۆشێت”.
نەوەی نوێ دەشڵێت “ئەو فەرمانی دەستگیركردنە لەدرێژەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی لەمێژووی خۆیدا پێی راهاتووە، كە هەمیشە بەرامبەر هەموو هێزێكی ئازاو بوێر كردوویەتی، لەنەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئێستاش هەمان ئەو سیاسەت و ئەو عەقڵیەتە ناشیرینە بەردەوامە”.
جوڵانەوەکە یەکێتی بەوە تۆمەتباردەکات “لەڕێگەی فشارەوە و قێزەونانە دەسەڵاتی دادوەری بە مەترسیدارترین شێوە بەكاردەهێنێت”. دەشڵێت “ترسنۆکانە و نامەردانە لە پشتەوە دادگا بەکاردەهێنن و کەستان ناوێرن خۆتان بکەن بە خاوەنی ئەم رەفتارە ناشرینانە و ئازایەتی رووبەڕووبونەوەتان تێدا نییە. بەڵکو ترسنۆکانە لە ژێرەوە شەڕی خۆتان بە چەند دادوەرێک دەکەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و کەس نازانێت هەڕەشەی چی لەو دادوەرانە دەکەن”.
نەوەی نوێ پێیوایە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید لەسەر سکاڵای خاوەن پشکەکان “هەوڵێكی نەزۆكی یەكێتییە بۆ داپۆشینی هەموو ئەو شكستانەی كە رووبەڕوویان بووەتەوە؛ چ لەڕووی حوكمڕانییەوە، چ لەڕووی پەیوەندی هاوسەنگیان لەگەڵ هێزەكانی تر”.
جوڵانەوەکە راشیگەیاندووە “یەكێتی بەم جۆرە هەوڵ و فشارانە، دەیەوێت شكستە ناوخۆییەكانی خۆیان و باڵباڵێن و پەرتەوازەیی خۆیان و فەرامۆشکردنیان و حساب بۆ نەکردنیان لە لایەن پارتی و هەروەها بچووکی حەجمیان لە ناو کابینەی نوێی حکومەت، بەم رەفتارانە داپۆشن و خۆڵ بكەنە چاوی تەنانەت كادیرو ئەندامانی خۆشیان”.
خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و دەڵێن، لەو پڕۆژە گەشتیارییە گەورەدا لە ماوەی حەوت ساڵدا تەنها ٨٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ـەوە پارەیان خستووەتە نێو ئەو پڕۆژەیەوە، کە بڕەکەی ٢٢ ملیۆن دۆلارە، لەو کاتەوە تەنیا دوو ساڵ پارەیان وەرگرتووە؛ ئەوانیش ساڵی ٢٠١٣ بۆ هەر ملیۆنێک ٣٠ هەزار و ساڵی ٢٠١٦ـەش ٥٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە.
خاوەن پشکەکان، شاسوار عەبدولواحید، کە خاوەنی کۆمپانیای نالیایە بەوە تۆمەتبار دەکەن پارەی ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٧ و ٢٠١٨ـی ئەوانی نەداوە.
