لێكۆڵینەوەیەكی هۆڵەندی: بەكتریاكانی كوردستان دەرمان كاریان تێناكات
نوچەنێت. رووداو
هەرێمی كوردستان مەنجەڵی هەڵهێنانی بەكتریایە، بەكتریایەك كە چیدی دەرمانی دژە بەكتریا كاریان تێناكات. چەند جۆرێك بەكتریا لە 9 نەخۆشخانەی كوردستان تاقیكراونەتەوە و دەركەوتووە بەرگەی 86%ی دەرمانەكان دەگرن.
دڵشاد مەغدید، لێكۆڵەرێكی بە رەگەز كوردی دانیشتووی رۆتەردام لە هۆڵەندا كە كار لەسەر كێشەی بەرگریی بەكتریا دەكات لە بەشی میزەڕۆی سەنتەری تەندروستی ئیراسمۆس، دەڵێت “زەنگێكمان پێویستە، ئەمە بەڕاستی كارەساتە.”
مەغدید كە لە رێگەی سكایپەوە قسەی بۆ (رووداو) دەكرد، گوتی “لە هۆڵەنداش بڕێكی كەمی بەكتریای بەرگەگرمان هەیە كە نزیكەی 5%ە، ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە”.
سەنتەرەكەی دڵشاد كار لەسەر ئەوە دەكات كە رێگە لە گەشەی ئەو 5%ە بگرێت و كار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر دەكات بۆ ئەو بەكتریایانەی كە دەتوانن بەرگەی چەند جۆرە دەرمانێك بگرن.
بۆ لێكۆڵینەوەكەیان، بەشەكەی دڵشاد سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەوەی بەكتریا بۆ لێكۆڵینەوەكەیان كۆبكەنەوە. ئەوان ئەو بەكتریایانەیان كۆكردووەتەوە كە دەبنە هۆكاری هەوكردنی سیستەمی میزەڕۆ و هەوكردنی پێست.
لە لێكۆڵینەوەكەیاندا بۆیان دەركەوتووە كە بەكتریاكانی كوردستان بەرگەی نزیكەی 86%ی دەرمانەكانی دژە بەكتریا دەگرن. دڵشاد دەڵێت “ئەمە بابەتێكی باشە بۆ لێكۆڵینەوە، بەڵام كارەساتە بۆ كوردستان”، چونكە وەك ئەو دەڵێت “ئەم كێشەیە وا دەكات نەخۆش بەو بەكتریایانە بمرن”.
ئەو كە ئێستا سێ خوێندكاری دكتۆرای كورد لەگەڵی كاردەكەن لە رۆتەردام، دەڵێت “كاتێك كە خەڵكی ئەم هەرێمە گەشتی دەرەوە دەكەن، ئەو بەكتریایە لەگەڵ خۆیان دەبەن و خەڵكانی دیكەش تووش دەكەن”.
لە كوردستان گرنگی بە بابەتەكە دراوە و لە كۆنفرانسێكدا باسی لێوەكرا. دڵشاد لە كۆنفرانسەكەدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش كرد. ئەو بەردەوام پێویستە پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستییەوە هەبێت، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت پێویستە كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، بەڵام كێشەی دارایی هەیە.
دڵشاد دەڵێت هۆكاری كێشەكە زۆر بەكارهێنانی حەبی دژە بەكتریایە كە هەر لە منداڵییەوە بەكاردەهێنرێت “لە ئەوروپا ئێمە حەبی دژە بەكتریا نادەین بە منداڵ، هەتا تەمەنیان نەبێت بە یەك ساڵ، بۆ ئەوەی كار لە سیستەمی بەرگرییان نەكات، بەڵام لە كوردستان منداڵی زۆر بچووكیش دەرزییان لێدەدرێت”.
دكتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت ئەو كێشەیە كێشەی وەزارەتی تەندروستی نییە، چونكە نەخۆشخانەكان پەیوەستن بە مەرج و پرۆتۆكۆلی زانستییەوە.
ئەو دەڵێت پێویستە دكتۆرەكان ئاگایان لەو كێشەیە بێت و لەهەمانكاتیشدا ئاماژە بە كەلتووری خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات “خەڵك بەبێ رەچەتەی پزیشك حەب و دەرمان دەخۆن، هەندێكجار بە قسەی خزم و كەسیان حەب دەخۆن”.
كاتێك كە نەخۆش دژە بەكتریا دەخوات و پێش چاكبوونەوەی دیسان دژە بەكتریا دەخوات، وای لێدێت كە بەرگری بەرامبەر بەو دژە بەكتریایە پەیدا بكات. لەو كاتەدا سیستەمی بەرگری جەستە تێكدەشكێت و بەكتریاكان زاڵ دەبن.
دڵشاد دەڵێت، دكتۆرە كوردەكان حەب و دەرمانی زۆر دەنووسن، چونكە خەڵكی چاوەڕێی ئەوە دەكەن لە دكتۆرەكان. “بێ بەزەییانە رێژەیەكی زۆری دژە بەكتریا بۆ چارەسەری هەڵامەتێكی بچووك دەنووسن، یان زۆر جار كەم دەنووسن، بەڵام هێزی حەبەكان زۆر زۆر بەرز دەنووسن. ئەوان دەزانن كە ئەو حەب نووسینە بەوشێوەیە پێویست نییە و مەترسیدارە، بەڵام هەر دەینووسن بۆ ئەوەی پارەیان دەستبكەوێت”. دكتۆر خاڵس دەڵێت ئەمە “هەڵەی پزیشكییە” و زۆرجار لەگەڵ پزیشكەكان باس كراوە.
دكتۆر عومەر سەرسام، دكتۆرێكی گەنجی بواری سینگ و دڵ كە لە چەند نەخۆشخانەیەكی جیاوازی هەولێردا كار دەكات، دەڵێت ئەو زۆرجار رووبەڕووی ئەو كێشەیە دەبێتەوە “نەخۆش بڕوا ناكات ئەگەر پێی بڵێی بەبێ حەبی دژە بەكتریا چاك دەبیتەوە و هەر داوای دەرمان دەكات”.
ئەو هەندێك لە كێشەكە بۆ یاریدەدەری پزیشكەكان دەگەڕێنێتەوە كە رێگەیان پێدەدرێت كلینیك دابنێن “ئەوان بە دكتۆر بانگ دەكرێن، هەندێكجار لە رۆژێكدا 60 نەخۆش دەبینن و بە تەن حەبی دژە بەكتریا دەدەنە نەخۆش”.
دڵشاد مەغدید داوای هەنگاونان بەرەو رێگرتن لەو بەكتریایانە دەكات بۆ ئەوەی نەوەیەكی نوێی دوور لە بەكتریای بەرگریكار دروست ببێت. بۆ دروستكردنی نەوەیەكی لەو جۆرە “10 تاوەكو 15 ساڵی دەوێت و دەبێت لە منداڵەوە دەستپێبكەین.”
ئەو هەروەها دەڵێت كە دكتۆرەكانی كوردستان تەنیا سێ جۆر دەرمانی دژە بەكتریا بەكاردەهێنن، بەڵام ئێستا جۆری دیكەی دژە بەكتریا بەرهەمهێنراوە ، بەتایبەتی بۆ بەكتریا زیرەكەكان “دكتۆرەكان پێویستە بە رووی زانستی رۆژئاوادا بكرێنەوە”.
سەرسام هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی كە دكتۆرەكانی كوردستان پێویستیان بە زانیاری زیاتر هەیە. بەڵام ئەو پێیوایە لەوە گرنگتر ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی رێگە لە فرۆشتنی دەرمانی دژە بەكتریا بگرێت لە بازاڕەكاندا “پێدانی ئەو دەرمانە بەبێ رەچەتەی دكتۆر تاوانە. پێویستە یاسایەك دەربچێت و رێگری لەمە بكات”.
ئەگەر یاساش دەربكرێت، هێشتا كاتێكی زۆری دەوێت تا خەڵكی واز لە داواكردنی ئەو دەرمانە بهێنن “ئەگەر قەدەغە بكرێت، ئەوكات خەڵكی دەچنە مووسڵ بۆ ئەوەی بەبێ رەچەتەی دكتۆر دەرمانەكە وەرگرن. بۆ گۆڕان، پلاندانانی ورد پێویستە”. سەرسام وایگوت.