نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تایبەت بە کێشەی مامۆستایانی گرێبەست سەردانی دیوانی وەزارەتی پەروەردەمان کردووە و وەڵامەکان لە بەرژەوەندی ئەوان بووە.
نزیکەی ٦ هەزار مامۆستای گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەیە و تا ئێستا نەکراون بەهەمیشەیی، ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی گرێبەستەکانیان دەبێت دوای سێ ساڵ بکرێنە هەمیشەیی، حكومەتی هەرێمیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە قەیرانی دارایی ڕێگربووە لە بەهەمیشەیی کردنیان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە هەمیشەیی کردنی مامۆستایانی گرێبەست، ڕایگەیاند “دەنگۆیەکی زۆر لە بارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایان بڵاوکراوەتەوە، من خۆم بەدواداچوونم بۆ ئەو بابەتەکردووە و هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە، هەرکاتێکیش بڕیاری بەهەمیشەیی کردنیان بدرێت لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، دڵنیایان دەکەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان بەهیچ شێوەیەک ڕێگرنابێت لەبەردەم بەهەمیشەیی کردنیان”.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی “تایبەت بە مامۆستایانی گرێبەست خۆمان لیژنەیەکی لاوکیمان پێکهێناوە و سەردانی دیوانی وەزارەتی پەروەردەشمان کردووە و باسی کێشەکانی مامۆستایانی گرێبەستمان کردووە، ئایا ئەو گرێبەستانە چیان لێدێت و ئایندەیان چی دەبێت؟ ئایا هەتا هەتایە هەر بەگرێبەستی دەمێننەوە؟ ئایا ئەو چەند ساڵەی، کە گرێبەست بوونە، بە خزمەت بۆیان هەژمار دەکرێت؟ هەموو وەڵامەکانیش لە بەرژەوەندی مامۆستایانی گرێبەستدابووە”.
حەسیبە گەردی، دەشڵێت “بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەو مامۆستایانە بکرێنە هەمیشەیی، کە ساڵانێکە لەناو کەرتی پەروەردە خزمەت دەکەن و نەیانهێشتووە پڕۆسەی پەروەردە پەکی بکەوێت، حكومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەرنامەیدایە پێداچوونەوە بە ژمارەی میلاکاتی خۆی بکات و لە دامەزراندنیشدا ئەو لەویەت دەدرێتە مامۆستایانی گرێبەست، بەپێی ئەو وەڵامەی بە ئێمە دراوە هەر مامۆستایەک سێ ساڵ زیاتر گرێبەست بووبێت، دەبێتە هەمیشەیی”.