نوچە
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا و ئەڵمانیا، هاوکاریی پێشمەرگە بریندارەکان دەکات و ٢٧ خێزانیان کرانە خاوەن پرۆژە. وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمیش سوپاسی ئەڵمانیا دەکات.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین، کە لەڕووی داراییەوە هاوکاری جێبەجێکردنی بەرنامەی قودرەی کرد، کە بۆ ژمارەیەک لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش جێبەجێ کرا و پڕۆژەکەش سەرکەوتوانە کۆتایی هات.
ئاماژەی بەوەش دا: “هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 هەزار شەهید و برینداری لە شەڕی داعش داوە و هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە”.
پرۆژەیەک بەناوی “قودرە” بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کۆتایی هات و پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوکاریی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا ئەنجام درا و تێیدا هاوکاریی پێشکەشی ئەو پێشمەرگانە کرا کە رێژەی کەمئەندامبوونیان لە ٥٠% زیاترە، تاکوو بتوانن دووبارە خۆیان لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەدا بگونجێنەوە و بشتوانن بۆ بەدەستهێنانی داهات پشت بە خۆیان ببەستن.