نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، کەمکردنەوەی بڕی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزە عێراقییەکان، هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ئەو ھاوکاریانە کەم دەکرێتەوە، کە لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانان ساڵانە بۆ هێزە عیراقییەکان دابینکراوە. ئەوەی پێشتر بڕیاری لە بارەوەدراوە، کە ھەموو مانگێک ٢٣ ملیار دینار وەکو ھاوکاری بۆ ھێزی پێشمەرگە دابینکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەریق ڕوکن جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە هاوکاریییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ڕایگەیاند “ئەگەر بۆ ساڵی ٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕیار بدات بە، کەمکردنەوەی بڕی ئەو هاوکارییەی، کە ساڵانە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی بۆ هێزە عێراقییەکان دابینی دەکات، هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت “هەرکاتێک بڕی ئەو هاوکارییەی، کە لە لایەن ئەمریکاوە ساڵانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێت، کەمبکرێتەوە، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکەری بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات”.