نوچە: تایبەت
شەوی رابردوو (٢٧-٧-٢٠١٩) لە گەڕەكی باداوای هەولێر باوكی دوو منداڵ بە تاپڕ کوژرا و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت “لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە بەهەڵە كوژراوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی روودوای کوژرانی پیاوێک بە چەک راگەیاند: شەوی رابردوو كوژراوەكە، لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی لە دەرەوەی ماڵی خۆیان، یاری كۆنكانیان كردووە و ئەو كەسانە لەكاتی یارییەكە تاپڕیان لەلابووە، دوای گاڵتەوگەپی خۆیان سەرئەنجام ئەو رووداوە دروستبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت “دوای رووداوەكە دوو هاوڕێكەی دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە”.
كوژراوەكە ناوی (هـ ،ن)ـە و تەمەنی ٣٠ ساڵە و باوكی دوو منداڵە. هەروەها لە گەراجی بەغدا کاریکردووە.