نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە ڕۆژی ٢٨ ی ئەم مانگە دواهەمین کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەوە سعودیە گەشت بکەن.
ئەمساڵ نزیکەی دوو هەزار حاجی لە پشکی هەرێمی کوردستان زیادکراوە و ڕێژەکە بەگشتی بووتە حەوت هەزار حاجی، رۆژی ١٢-٧-٢٠١٩ یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بەرەو عەرەبستانی سعودییە بەڕێکەوتن، ماوەی گەشتە کەشیان کەمتر نییە لە ٣٥ ڕۆژ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بو کاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت حاجیانی هەرێم، ڕایگەیاند “تا ئێستا نزیکەی ٧ هەزار حاجی هەرێمی کوردستان گەشتیان کردووە بۆ عەرەبستانی سعودییە، بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، تەنها ١٨٨ حاجی ماوە گەشت بکەن بڕیارە ڕۆژی ٢٨ ی ئەم مانگەش دواهەمین کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەوە سعودیە گەشت بکەن”.
هەروەها جەختیشیکردەوە لەوەی، کە سەرجەم حاجیانی هەرێم بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و هەموو خزمەتگوزاریییەکیان بۆ دابین کراوە و تا ئێستا هیچ کێشە و گرفتێکمان بۆ درووستنەبووە، لە ڕووی ئیداری، کارگێری، تەندروستی، هاتووچۆ، خواردن و هۆتێل.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی ٢ـی ئاب، عەرەبستانی سعودییە، دەستنیشانی دەکات ئایا کەی یەکەمین ڕۆژی وەستانە لە کێوی عەرەفە و دواتر یەکەم ڕۆژی جەژنی قەربانە.