نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی داواکاری تەیموور تاقانەی ئەنفال هەڵگرتنەوەی ڕووفاتەکان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
تەیمووری ئەنفال لە ئەمریکاوە گەڕایەوە عێراق بۆ ئەوەی رێگری بکات لە دەرهێنانەوەی رووفاتی کەسوکارەکانی، کە لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە بوون، تەیموور عەبدوڵڵا، تاقانەی ئەنفالە و لە شاڵاوی ئەنفالدا لە چاڵێكدا، كە كەسوكارەكەی تێیدا کوژراون، بە برینداری رزگاری بووە، دواتر لەلای خێزانێکی عەرەب گەورەکراوە و ئەوانیش لەدوای راپەڕین هێناویانەتەوە بۆ كوردستان، دواتریش مام جەلال بۆ خوێندن رەوانەی ئەمریكای كردووە، لە دادگاییكردنی سەدام حوسێنیشدا یەكێك بووە لە گەواهیدەرە سەرەكییەكان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ڕاگرتنی هەڵدانەوەی ڕۆفاتەکانی سەماوە، ڕایگەیاند “پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکانی یەکێک لەو سێ گۆڕە بەکۆمەڵەی، کە لە پارێزگای سەماوە دۆزرانەتەوە، بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی ڕاگیراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەستبە هەڵگرتنەوەیان دەکرێتەوە”.
سەبارەت بە هۆکاری ڕاگرتنەکەشی، گوتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان، دەڵێت “بەهۆی بوونی تەیموور عەبدوڵڵا، تاقانەی ئەنفال لەوێ، کە کۆمەڵێک داواکاری هەبووە، دوای کردبوو هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان ڕابگیرێت، ئێمەش لە بەر ڕێزگرتن لە هەست و شعور و دەروونی ئەو، کارەکانمان ڕاگرت”.
لە بارەی داواکارییەکانی تەیموورەوە، فوئاد عوسمان گوتی “داوای کردووە جینۆسایدی کورد بەنێونەتەوەیی بکرێت، قەرەبووی شایستەی کەسوکاری قوربانییان بکرێتەوە، حکومەتی عێراقی بەفەرمی داوای لێبووردن بکات وەک وارسی حکومەتی ڕابردوو. هەروەها داوایکردووە، کە جاش و مستەشارەکان بدرێنە دادگا، ئێمەش وەک لایەنێکی پشتگیری، پشتگیری داواکاریییەکانی دەکەین و لە ڕابردووشدا کاری جددیمان لەسەر کردووە”.