نەجمەدین کەریم وەڵامی گروپێکی نێو یەکێتی دەداتەوە

0

نوچە

نووسینگەی پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە توندی وەڵامی گروپێکی نێو یەکێتی دەداتەوە، کە بە خیانەتکارانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر ناسراون. هەروەها هاوڵاتییانی لەوە دڵنیا کردەوە، کە لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی کەرکوک لە جاش و خیانەتکاران و خۆفرۆشان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی نووسینگەی نەجمەدین کەریم ئاماژە بەوە دراوە، لە دوای پەسندکردنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ”چەند راگەیاندنێکی سێبەر و دارودەستە و چڵکاوخۆرەکانی رەفعەت عەبدوڵڵا و بەشێکی تری خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر“، دەستیان کردووە بە بڵاو کردنەوەی پروپاگەندە و لێدوانی ناڕاست لە دژی نەجمەدین کەریم.

نووسینگەکەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک جەختی کردووەتەوە: ”ھەر ساتە و بە روویەکی رەشی ناشرین کە لە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم گرووپە نزیکە، شتی بێ بنەما و راپۆرت و ھەواڵی چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئەم گرووپە ئەوانەن کە سەرکردایەتیی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کردووە و نزیکەی لە ٪‏ ٥١ خاکی کوردستانیان ڕادەستی ناحەزان و داگیرکەران کردووە، ئێستا بۆ شاردنەوەی ئەو خیانەتەیان و سپی کردنەوەی ڕووی رەشی خۆیان، ھەواڵی بێ بنەما و دوور لەراستی بڵاو دەکەنەوە“.

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە، دانیشتووانی شاری کەرکوکی سەربەرز و کوردستان بە گشتی، زۆر وریا و تێگەیشتوون و ھیچ باوەڕێکیان بە خیانەتکاران و خۆفرۆشان نەماوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە رۆژێک بێت سەرجەم ئەوانەی خیانەتیان لە نەتەوەکەیان و شارەکەیان کردووە، رادەستی دادگای میللەت بکرێن و بگەن بە سزای خۆیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاوڵاتییانیشیان لەوە دڵنیا کردووەتەوە، کە لە کاری خۆیان بەردەوام دەبن و پروپاگەندەی ئەو گروپە خیانەتکارە هیچ کارێکیان لێناکات، بەڵکوو زیاتر ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بۆ پاککردنەوەی کەرکوک لە جاش و خیانەتکار و خۆفرۆشان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com