نوچەنێت
چالاکی بواری جینۆساید و یەکێک لە تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنای باشووری عێراق، بداواکاری ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، دەکات.
ئەنوەر عومەر سەعید، چالاکوانی بواری جینۆساید، بانگەوازێک ئاراستەی دەزگای دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و عیراق دەکات و چەند پێشنیازێک دەخاتەروو و دەڵێت” تكایە باڵوێز و كونسول و دیپلۆمات و میدیاكار و سیاسی و چالاكوانی مەدەنی و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بھێنن و یاوەریان بن با بە چاوی خۆیان جینۆسایدی كورد و ئەم تراژیدیا بێوێنەیە ببینن”.
دەقی بانگەواز و پێشنیازەکان:
لە بیابانەكانی سەماوەوە
بانگەواز و پێشنیاز
بۆ / كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان
بۆ / سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان
بۆ/ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
بۆ / سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان
بۆ / سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی فیدراڵ
بۆ / نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بۆ/ دەزگا و دامەزراوە و میدیاییەكانی كوردستان
بۆ/ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی
بۆ/ ھەر كوردێك لە ھەر شوێنێكی دنیا ھەیە
بەڕێزان:
ئێمە لێرەین لەبیابانەكانی سەماوەین و سەرقاڵی ھەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵی ژن و منداڵانی ئەنفالكراوی كوردین.
لێرە تاوانێگەلێكی ھێندە نامرۆڤانە و دڕندانە ئەنجام دراوە مرۆڤ تووشی شۆك و ڕاچڵەكانێكی گەورەی ڕۆحی دەبێت.لێرە گەورەترین تاوانی سەدەی بیستەم تراژیدیاترین تاوانەكانی سەر ڕووی زەوی لەلایەن سەدامی گۆڕبەگۆڕ و ڕژێمەكەیەوە ئەنجام دراوە! كاتێك ئێسكی وردی مناڵانی كورد لەم گۆڕە بەكۆمەڵەدا دەبینی، خەریكە دڵ لە جەستە بێتەدەر، ئاگرێك لە ڕۆح بەر دەبێ ھەست دەكەی ھێدی ھێدی ڕاپێچی مەرگ دەكرێی!
خودایە كاتێك بە فڵچەیەكەوە لم و خۆڵی ئەو بیابانە لەسەر لاشە و پرچ و دەست و پەنجەی دایكان و جگەرگۆشەكانیان لا دەبەم، ھەست دەكەم دەست و پەنجەی ھەڵوەریوی ئازیزترین كەسەكانمانە، سوێند بێ بە یەزدانی مەزن حەز دەكەم ھەموو مشتەخۆڵێكی سەر روفاتی ئێوە ماچ بكەم.
تكایە باڵوێز و كونسول و دیپلۆمات و میدیاكار و سیاسی و چالاكوانی مەدەنی و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بھێنن و یاوەریان بن با بە چاوی خۆیان جینۆسایدی كورد و ئەم تراژیدیا بێوێنەیە ببینن.
وەرن و ھەر كەسێكتان قەناعەت پێدەكرێ لەگەڵ خۆتانی بھێنن، با لەم بیابانە چۆڵ و ھۆڵەدا چەندین دیمەنی ھاوشێوەی عومەری خاوەر ببینن.
با ببینن و بزانن كە ٣١ سی و یەك ساڵە ھێشتا لەو بیابانە دایكانی كورد توند توند جگەرگۆشەكەكانیان لە ئامێز گرتووە و ئێسكەكانیان تێكەڵ و ئاوێتەی یەكتر بوون و نایانەوێ بۆ ساتێكیش لە یەكتری جیا ببنەوە!
ئیلاھی ئەم دیمەنانە چۆن ڕۆح ناسووتێنن و دڵ ناھەژێنن!؟
تكایە گەر لە تواناتاندا ھەیە نوێنەری ووڵاتە زلھێزەكانی جیھان بھێنن، با ببینن چۆن بۆ بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیان چاوپۆشیان لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەم كرد!
لەگەڵ خۆتان نوسەر و ڕۆژنامەنوس و میدیاكارانی كەناڵە كاریگەرەكانی وڵاتانی جیاجیا بھێنن بۆ بینینی دیمەنەكانی ناو ئەم گۆڕە بەكۆمەڵە بۆ ئەوەی ویژدانی نوستووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخەبەر بێنێ.
تكا دەكەم دەرھێنەرە گەورەكانی فیلمی سینەمایی لەگەڵ خۆتان بھێنن، تاوەكوو بەچاوی خۆیان ببینن و بزانن ئایا ھیچ فیلمێكی تراژیدی ھێندەی دیمەنەكانی ناو ئەم گۆڕە بەكۆمەڵە تراژیدی و كارەساتبارە!
لێتان دەپاڕێمەوە،
بیكەن بۆ خاتری پاكی و بێگەردی ڕوحی ئەم ژن و مناڵانەی لەناو ئەم گۆڕە بەكۆمەڵانەدان، ھەر كەسێكتان پێدێت بیانھێنن بۆ ئەوەی ئەم تاوانە گەورانەی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ وەكوو خۆی بێ زیاد و كەم ببینن!
بیانھێنن بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ٣١ سی و یەك ساڵ لەمەوبەر بەرلە ھاتنی ڕۆژی حەشر، قیامەتی سەدان ژن و منداڵی كورد لێرە ڕووی داوە!
تكایە چیتان پێدەكرێ بیكەن، ئێمە لێرەین و ھاوكاریتان دەبین.
ئەنوەر عومەر سەعید
بیابانەكانی سەماوە
٢٠١٩/٧/٢٥ڵەكس