نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستاش تەعریب کردنی کورد لە لە کەرکوک و ناوچەکوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامی هەیە.
ڕۆژی ٢٣-٧-٢٠١٩، پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد، بەپێی هەموواری یاساکە هەڵبژاردن لەڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٠ لەکەرکوک ئەنجامدەدرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە بارەی دیاریکردنی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، ڕایگەیاند”ئەگەر پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، دۆخی کەرکوک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی نەکرێتەوە، زۆر خراپە و بەزیانی کورد دەشکێتەوە، ئەو دۆخە عەسکەرتارییەتەی کە لە کەرکوک هەیە، هەندێک لایەنی میلیشیایی بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە”.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی “لە هەمووی خراپتر ئەو پڕۆژەیاسایەیە کە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بە داخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبەکانیان، لە خۆیانەوە بە پڕۆژەیاساکە ڕازیبون و دەنگیان پێداوە، کە ئەوە کارەساتێکی گەورە دەخولقێنێت، چونکە دەنگێکی زۆرمان دەفەوتێت لە کەرکوک”.
پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە پێویستی دەزانێت جارێکی تر پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دووبارە داوای هەمووار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک بکەنەوە، دەشڵێت”پێویستە دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ئاسایی بکرێتەوە، ئەگەرنا هەرچی ڕێکار هەیە بیگرینە بەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەو ناوچانە نەکرێت”.