مەکتەبی سیاسی پارتی پەیامێک ئاراستەی گۆڕان دەکات

0

نوچەنێت

مەکتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی گۆڕان دەکات و بەو بۆنەیەوە پەیامێکیان ئاراستە دەکات.

لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ باڵێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا، جیابوونەوەو بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند. لەیەکەم هەڵبژاردندا بوونە خاوەنی ٢٥ کورسی پەرلەمانی.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە پەیامێکیان ئاراستە دەکات و هیوادەخوازێت، پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێت.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:

بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..

بە بۆنەی (10)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.

رۆڵی بزووتنەوەكەتان و بەرنامە و هەوڵ و كار و چالاكییەكانی بۆ بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی لە پێناو دوارۆِژێكی گەشتر، مایەی خۆشحاڵی و ئاماژەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان.

ئێمە كاتێك ئەو یادە دەكەینەوە، هاوكات رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.

هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكان و چارەسەركردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتوو بن…

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com