نوچە: تایبەت
ئەندامێکی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان رای گەیاند، ئەو یاسایەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکوکیش دەرکراوە، زیانی بۆ کورد هەیە، چەندە بەشێک لە فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیان پێ داوە.
لە لێدوانێلی تایبەت بە نوچە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان لەبارەی دەرکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کەرکوک ڕاگەیاند: ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە زیانی کوردی تێدایە و نەدەبوو ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە بڕوێنرێت، بەڵکوو دەبوو کورد ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بشکێنێت و ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاساکە بکات. گوتیشی “یاساکە زەرەری زۆرە، جگە لەوەش ھەڵبژاردن پێش ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک نە دەکرێت و نە ڕێگەش دەدەین بکرێت”.
ھاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، ڕۆژی ٢٢-٧-٢٠١٩ کاتێک، درکم کرد یاساکە زیانی بۆ کورد ھەیە، پەیوەندیم بە ھەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی کرد، ئەوەبوو فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە فراکسیۆنی یەکێتی دانیشتنەکەیان بەجێھێشت؛ بەڵام بەشەکەی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە لەناو ھۆڵی کۆبوونەوەکە مانەوە، بۆیە ئەگەر لە داھاتوودا ھەر منداڵێکی کوردی کەرکوکی بەپێی ئەو یاسایە لە دەنگدان بێبەش بکرێت، ئەوا دەبێ ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکە مانەوە تەحەموولی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بکەن“.
ئەو ئەندامی لێژنەی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک پێوایە، دەبووایە ڕێگری لە گۆڕانکاری لە ماددەی ٣٥ـی تایبەت بە کەرکوک بکرێت. پار ساڵ ئێمە لەوێ بووین بە ڕەزامەندیی عەرەب و تورکمان ئەو ماددەیەمان لە یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ دانا، بۆیە دەبوو ئەو ڕێککەوتنە وەک خۆی بڕوات، نەک عەرەب و تورکمانەکان بێن و شتی دیکەی بۆ زیاد بکەن، کە لەبەرژەوەندی کورددا نیین.