نوچه: رووداو
بەپێی یاسا، لەم مانگەوە دەبێت مینحەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ببڕدرێت، بەڵام حكومەت هێشتا نەیبڕیوە، ههروهها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش رێگرە لەوەی موچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر عێراق.
بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30/6/2011 دەرچووە، زیندانیانی سیاسی تەنیا 10 ساڵ مینحە وەردەگرن، بۆیە بەپێی یاسا لەم مانگەوە دەبێت ببڕدرێ.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی زیندانییە سیاسییەكان لە وەزارەتی شەهیدان بە (رووداو)ی راگەیاند: “لەڕووی یاساییەوە 10 ساڵەكە تەواو بووە و هێشتا باسمان لە بڕینی مووچەكانیان نەكردووە، پڕۆژە یاسایەكمان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بەشێوەیەك كە گونجاو بێت لەگەڵ یاساكەی عێراق و بكرێت بە 25 ساڵ”.
ئەحمەد مام رەسوڵ رەتیكردەوە لەم مانگەوە مووچەی زیندانیانی سیاسی ببڕدرێ و گوتی: “مینحەی زیندانیانی سیاسی تاوەكو شوباتی 2020 بەردەوام دەبێت. هیوادارین لەو ماوەیە حكومەتی عێراق بەپێی ماددەی 232ی دەستوور رەزامەندی بدات كە بخرێنە سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەكانی عێراق، چونكە مافی خۆمانە”.
هەر لەوبارەوە هەدار بارزانی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەپێی یاسا 10 ساڵەكە تەواو بووە و دەبێت مووچەكەیان رابگیرێت، بۆیە دەبێت بەزووترین كات پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 هەموار بكاتەوە و وەكو عێراق بكرێت بە 25 ساڵ”.
ئەحمەد مام رەسوڵ كە سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانیشە، دەڵێ لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەكانی عێراق رێككەوتوون كە زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بخرێنە سەر ئەوان، سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش نووسراوی بۆ كردن كە مینحە و ئیمتیازاتی زیندانیە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق بێت. ئەگەر حكومەتی عێراق رازی بێ، ئەوە پێویست بە هەمواركردنەوەی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان ناكات و كاركردن بە یاساكە رادەگیرێ.
زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەموو هیوایەكیان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە بگوازرێنەوە سەر بەغدا. هەدار بارزانی دەڵێت: “بۆ ئەمە رەزامەندیی دەزگای زیندانیانی سیاسی وەرگیرا، بەڵام لە 24/6/2019 ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە و دەڵێت دەبێت مووچەكەیان لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بێت”.
مینحە و ئیمتیازی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق جیاوازیان زۆرە. هەدار بارزانی دەڵێت: “مینحە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی لە بەغدا زۆر زیاترە، كەمترین مووچەیان 400 هەزار دینارە، بەپێی ماوەی زیندانییەكەشیان قەرەبوو دەكرێنەوە كە بۆ هەر مانگێك 60 هەزار دینارە، هەروەها كەسوكاریان بۆیان هەیە ساڵانە جارێك لەسەر حیسابی حكومەت گەشتی دەرەوە بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو ئیمتیازاتانە نین”.
پەرلەمانتارێكی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان پێشتر رایگەیاندبوو، گومانی لە 10 هەزار ناوی ئەو لیستە هەیە كە بۆ هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازی زیاندانیان نێردرابوو بۆ بەغدا. ئەو گوتبووی كە بەشێكی زۆریان زیندانی سیاسی نین. بەڵام ئەحمەد مام رەسوڵ دەڵێ: “راست نییە، چونكە سەرۆكی لیژنەكە دادوەرێكی ئەنجوومەنی دادوەرییە، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، دارایی، شەهیدانیش ئەندامن، هەموو دۆسیەكان پشتڕاست كراونەتەوە و دوای ئەوەی رێكارە كارگێڕییەكانی بڕیوە ئینجا بوون بە زیندانی سیاسی، بەهەمان میكانیزمی تۆماركردنی زیندانی سیاسی لە عێراق”.
ئەحمەد مام رەسوڵ ئاماژەی بەوەش كرد، كە پێشتر ناوەكان لە میدیاكان بڵاوكراونەوە: “نووسراویشمان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای زانیاری و پاراستن ناردووە و هیچ كەس تێبینی لەسەریان نەبووە، ئێمە بەرپرسین لەو دۆسیە و بەرپرسیارێتیش هەڵدەگرین، وروژاندنی ئەو بابەتە بۆ شێواندنی دۆسیەی زیندانە سیاسییەكانە، بۆیە سكاڵامان لە دژی ئەو پەرلەمانتارە تۆمار كردووە”.