نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆكی دەزگای لوتكە ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی کە باس لە بێسەروشوێنبونی ٥٠ كۆچبەری هەرێمی كوردستان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢-٧-٢٠١٩، کۆمەڵێک پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گوایە نزیکەی ٥٠ کۆجبەری هەرێمی کوردستان، لە دەریای ئیجە و ئاوەکانی ئیتاڵیادا بێسەرو شوێن بونە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، سەبارەت بە دەنگۆی بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەک کۆچبەری هەرێمی کوردستان لەئاوەکانی ئیتاڵیا، ڕایگەیاند”ئەو دەنگۆیانە دوورن لەڕاستییەوە، ئەوە کۆمەڵک خەڵکن تەنها بۆ کۆکردنەوەی کۆمێنت و لایک ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەیە کە سەرنجی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن”.
ئاری جەلال دەڵێت”ئەو کۆچبەرانەی کە ئەوان باسیدەکەن، بەردەوام لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا بووین، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەموویان بەسەلامەتی گەیشتونەتە ئیتاڵیا و تەلەفۆنیان بۆ خێزانەكانیان كردوە. هیچ روداوێكی نەخوازراو رووی نەداوە”.
سەرۆكی دەزگای لوتكە ئاماژە بەوەشدەکات، هۆكاری دواكەوتنی گەیشتنی ئەو كۆچبەرانەش زۆرجار بۆئەوەیە، کە بەشێوەیەكی سەلامەت بگەن و دەستگیرنەكرێن.