نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی نوسینەوەی پڕۆژەیاسایەکی چاکسازیییە.
لە خولی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی چاکسازی ڕیشەیی و کەمکردنەوەی خەرجی و ڕێکخستنی موچەی خانەنیشینی و دەرماڵەکان، پڕۆژەیاسایەکی چاكسازی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەپێی پڕۆژەیاساکە ئەگەر جێبەجێبکرایە نزیکەی ١٠٠ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێم دەگەڕایەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەناو پەرلەمان، لەسەر هەندێک ماددە چارەنوسی پڕۆژەیاساکە گەیشتەئەم خولەی پەرلەمان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی، ڕایگەیاند”لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی چاکسازیییە، بەجۆرێک کە لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بگونجێت، پێشبنی دەکەم لە نوسینەوەی ئەو پڕۆژەیاسایەدا سود لە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە (خانەنشینی و موچەو دەرماڵەکان) ببینرێت کە لە خولی ڕابردوو کاری لەسەر کراوە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت”پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لای خۆیەوە کار لەسەر چاکسازی بکات و پڕۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی بکات تابتوانین کاری لەسەر بکەین، چونکە ئەتوانم بڵێم ئەم کابینەیە، کۆمەڵێک پڕۆژەی لەبەردەستە، یەکێک لەو پڕۆژانەش کارکردنە لەسەر چاکسازی”.
ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات، ئەو پڕۆژەیاسایەی کە حکومەتی ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنییەتی چاوەڕوان دەکرێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.