نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندیییەکان و ڕەوەندی کوردی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکین تایبەت بە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە.
بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی کەیسەکانیان ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، لە دۆخێکی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە بە هۆی قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان، رێژەی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند “لە ئێستادا لیژنەکەمان لە پەرلەمان، سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە تایبەت بە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە، کە چۆن بتوانین پارێزگاری لە ڕەوەندی کوردی بکەین بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا”.
محمەد سەعدەدین، گوتیشی “هەوڵدەدەین لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە، گرفت و کێشەکانی ڕەوەندی کوردی چارەسەربکەین و ببینە پاڵپشتێك بۆیان، بۆ ئەوەی خۆیان بەبێ خاوەن نەزانن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنیان دەزانێت”.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندیییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “لە پلانماندایە لە داهاتوو پرسی تاوتوێ کردنی پڕۆژەیاسای ڕەوەندی کوردی لەگەڵ نوێنەران و ڕێکخراوەکانی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە گفتوگۆ بکەین”.