نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندیییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەم خولەی پەرلەمان زیاتر گرنگی بە پەیوەندیییەکانی دەرەوە داوە و جوڵانەوەی دیپلۆماسی زۆر چالاک بووە.
پەرلەمانی کوردستان لەماوەی خولەکانی ڕابردوو، گرنگییەکی زۆری بە پەیوەندیییەکانی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە داوە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لەپەرلەمانی کوردستان درووستکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندیییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پەیوەندی پەڕلەمانی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دەرەوە، ڕایگەیاند “وەک پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەت وەک لیژنەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە، لە بەرنامەماندایە هەوڵبدەین پەیوەندییەکی بەهێز و هەماهەنگی باشمان لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دەرەوە هەبێت”.
محەمەد سەعدەدین، دەشڵێت “لەبەر ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمان، یەکەم سێ مانگی پەرلەمان دەستبەکار بووە، یەکەم هەنگاو کاروباری ناوخۆی هەرێم و پلانی کاری لیژنەکەمان داناوە؛ بەڵام ئەوەی، کە ئاشکرایە پەرلەمان ئەم خولە زیاتر گرنگی بە پەیوەندیییەکانی دەرەوە داوە و جوڵانەوەی دیپلۆماسی پەرلەمان زۆر چالاک بووە”.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندیییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، گوتیشی “هەموو ئەو کونسوڵخانانەی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، سەردانی پەرلەمانیان کردووە. پەرلەمان هاوشێوەی حکومەتی هەرێم هەوڵی داوە پەیوەندیییەکانی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان بەهێز تربێت”.
سەعدەدین جەختیشیکردەوە “چەندین شاندی پەرلەرمانی وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، وەک لێژنەی پەریوەندیییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، ڕۆڵی خۆمان هەبووە لە بەرگری کردن لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان”.