نوچە
سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر کارمەندانی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، رێگه ناده‌ین ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ئاڵۆزبکرێت. به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه بۆ ده‌ستگیرکردنی تاوانکاران به‌رده‌وامه.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:
راگه‌یه‌نراوێک له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه:
به تووندی ئه‌و تاوانکارییه ترسنۆکه سه‌رکۆنه ده‌که‌ین که نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر کارمه‌ندێکی کۆنسوڵخانه‌ی تورکیا و هاووڵاتییه‌کی هه‌رێمی کوردستانی کردۆته‌وه ئامانج و له‌ئه‌نجامدا هه‌ردووکیان گیانیان له‌ده‌ست داوه و هاووڵاتییه‌کی دیکه‌ش برینداربووه.
له‌کاتێکدا پرسه و سه‌ره‌خۆشیمان ئاراسته‌ی خانه‌واده و که‌سوکاری قوربانیان ده‌که‌ین و هیوای زووچاکبوونه‌وه بۆ برینداره‌که ده‌خوازین، دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که ڕێگه ناده‌ین ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ئاڵۆز بکرێت و به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه بۆ ده‌ستگیرکردنی تاوانکاران به‌رده‌وامه تا ده‌دۆزرێنه‌وه و به سزای خۆیان ده‌گه‌یه‌نرێن.
سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان
17-7-2019