شاندێکی باڵای هەرێم سەدانی بەغدا دەکات

0

نوچە

ئەمڕۆ (سێشەممە ١٦-٧-٢٠١٩) شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی نەوت و بودجە سەردانی بەغدا دەکەن. شاخەوان عەبدوڵاش دەڵێت “لە گفتوگۆکان گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی و تەنیا ئەوە ماوە شاندەکە بچنە بەغدا و رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت”.

جگە لە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات، هەریەك لە وەزیری دارایی، سامانە سرووشتییەكان، پێشمەرگە و چەند ئەندامێكی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان و هەروەها خالید شوانی ئەندامی شاندەكە دەبن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە. هەروەها دوای یەكلاكردنەوەی ئەو دوو دۆسیەیە (نەوت و بودجە)، شاندەكە جارێكی دیكە بۆ دۆسیەی پێشمەرگە و كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەچنەوە بەغدا.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی لەسەرئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، لەبارەی پێشەوەچوونەکانی دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند: لەو ماوەیەدا گفتوگۆی زۆریان كردووە بۆ پرسی ناوچە كوردستانییەكان و كەركوك و پێشمەرگە “گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی و تەنیا ئەوە ماوە شاندەکە بچنە بەغدا و رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێ، چونكە هەموو مەلەفەكان لەو گفتوگۆیانەدا قسەیان لەسەر كراوە”.

لەبارەی دیاری کردنی کەس یان وەزارەتێک بۆ دانوستان لە گەڵ بەغدا شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی “وەزارەتێك نییە بەناوی وەزارەتی رێكخەر یان هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا و هیچ كەسێكیش بۆ ئەو بابەتە دیارینەكراوە. حكومەتیش هەر شاندێك بنێرێتە بەغدا، وەزارەتە پەیوەندیدارەكان تێیدا ئەندام دەبن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com