نوچە-سکای نیوز
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی جولای، هەڕەشەی لە حزبوڵڵای لوبنان و حەسەن نەسروڵڵا کرد و رایگەیاند، تەل ئەبیب لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەم لایەنانە بەردەوام دەبێت.
ئەم لێدوانە هەڕەشەئامیزەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێ، کە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی “هێزەکانیان توانای ئەوەیان هەیە، کە سەرتاسەری خاکی ئیسرائیل بکەنە ئامانج”.
نەتانیاهۆ لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند “ئەگەر حزبوڵڵای لوبنان لە خۆی ڕادەبینێ با هێرش بکات، ئەو کات بە زەبری کوشندە و گورچبڕ وەڵامی دەدەینەوە”.
نەتانیاهۆ گوتیشی، حەسەن نەسروڵڵا وەبیری خۆی بێنێتەوە، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە چ شێوەیەک هێرشمان کردۆتە سەر ئامانجە سەربازیەکانیان.