نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیواخوازە هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوە، سەرەتای قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی هەردوولا بێت.
رۆژی شەممە کۆنگرەی گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق بە بەشداری نزیکەی ٣٥٠ سەرکردە و ئەندامی کۆتاییهات، کە تێیدا بۆ جاری دووەم نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و دووبارە هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتیی حیزبەکە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دەعوە و مالیکی کرد.
لە پەیامەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت “هیواخوازین هەڵبژاردنەوەتان ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەژێر رۆشنایی ئەو رەوشە ئەرێنییەی لەئارادایە”.
مەسروور بارزانی خوازیارە حیزبی دەعوە رۆڵی کارا لە چەسپاندنی زیاتری ئەو کەشوهەوا ئەرێنییە بگێڕێت و ببێتە هۆکارێک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ببێتە هۆکاری گەشەپێدانی زیاتر لە تەواوی عێراق.