نوچەنێت
ئەمڕۆ تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆستیان تۆپباران كرد، بەو ھۆیەشه‌وە كچێكی تەمەن ١٨ ساڵى شەھید بوو، دوو هاوڵاتى دیكه‌ش بریندار بوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، كرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران، لەبارەی تۆپبارانی گوندەکانی ئەو سنوورە راگەیاند “ئه‌مڕۆ كۆمارى ئیسلامی ئێران، ھەر یەك لە گوندەکانی (بەربزین، دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشک، دوستانا)ى تۆپباران كرد، لە ئەنجامدا کچێکی ١٨ ساڵى بە ناوی زەیتون قادر شەھید بوو، دوو براشی بە ناوه‌كانى سیروان قادر تەمەن ٢٣ ساڵ و ئیسماعیل قادر ته‌مه‌ن ١٤ ساڵى، به سه‌ختى بریندار بوون”.
كرمانج عزەت دەڵێت “جگە لە زیانی گیانی، تۆپبارانی ئەمڕۆی ئێران زیانی بە رەزوباخی ھاوڵاتیانی ناوچەكەش گەیاندووە”.
بەگویرەی زانیارییەکان، “هاوكات لەگەڵ تۆپبارانكردنی دەڤەری برادۆست، تۆپخانه‌كانی ئێران چیای كۆدۆ و سنووری گونده‌كانی ئاڵانه و زینوه‌یان له‌سنووری شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌رانی سه‌ر به‌قه‌زای چۆمان به‌چڕی تۆپباران كرد، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی به‌دواوه نه‌بووه”.

