نوچەنێت: تایبەت
جێگری سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەموار كردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات. دەشڵێت “کاتی هەڵبژاردن دیاری ناکرێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، رایگەیاند: زۆرینەی پەرلەمانتاران لە گەڵ ئەوەن کە متمانەی درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی بدرێت بە ئەنجومەنی پارێزگاکان تاکو هەڵبژاردن دەکرێتەوە. دەشڵێت “ئەگەری هەیە لە مانگی ٤ـی ٢٠٢٠، کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت لە هەرێمیش هەڵبژاردن بکرێت”.
عوسمان کەریم گوتیشی، بۆ هەڵبژاردن و کۆتایی هاتنی ئەم خولەی ئەنجومەن کات دیاری نەکراوە و بە کراوەی دەمێنێتەوە، نەکو شتێکی چاوەڕواننەکراو رووبدات و هەڵبژاردن نەکرێت. بۆیە پێمانوایە بەردەوام بن تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی نوێ دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ھەموارەی كە لە پەرلەمانە پێنج مادەیە، زیاتر جەخت لەسەر دوو مادە دەكرێتەوە، یەكێكیان ئەوەیە پارێزگار جگە لەناو ئەنجوومەن ھەڵدەبژێردرێت لە دەرەوەی ئەنجوومەنیش ھەڵبژێردرێت بەزۆرینەی رەھای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەم خاڵە جیاوازە لەگەڵ یاسای پێشتر، كە پارێزگار تەنھا لەناو ئەنجوومەن ھەڵدەبژێردرا، ھەروەھا مادەیەكی دیكە كە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ماوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئێستا ئەنجوومەنەكان كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوە و ماوەی كاركردنیان بەسەرچووە، ئەو ماوەیە درێژ دەكرێتەوە تا ھەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت”.
عوسمان کەریم نەیشاردەوە، کە ئەو بابەتە لە ناو پەرلەمان دەنگی ناڕەزاییشی لەسەر هەیە، کە پێیوانوایە “ماوەیەك دیاری بكرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت، نەك ئەوە بە كراوەی بمێنێتەوە، چونكە خەڵك بۆ ماوەی چوار ساڵ دەنگی بەوان داوە، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەیە بە کراوەیی بمێنێتەوە”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ راشیگەیاند “ئەگەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو یاسای ئەنجومەنی تەواو بێت، پەرلەمان دەتوانێت سبەی یان بە زووترین کات دەنگ لەسەر یاساكە بدات و بچێتە واری جێبەجێكردنەوە”.