نوچەنێت
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتا کۆبوونەوەی لە گەڵ وەزیرەکانی کابینەی هەشت رایگەیاند، بڕیاری پاشەوکەتی موچە لە کابینەی هەشتەم بە “قورسترین و سەختترین بڕیاری ژیانی سیاسی” ناودەبات. هەروەها “پاڵپشتی لە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و قوباد تاڵەبانی لە کابینەی نوێ دەربڕی”.
ئێوارەی ئەمڕۆ 6-7-2019، نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەت ئەنجامدا و گوتاری ماڵئاوایی پێشکەشکرد. چوار ساڵی رابردووی بە “سەختترین قۆناخ” لە دوای راپەڕینەوە ناوبرد و گوتی “ئەگەر یەکڕیز نەبووینایە، بێگومان سەرنەدەکەوتین”.
نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا پیرۆزبایی دووبارە کاندیدکردنەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆکوەزیران لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لێکرد. گوتیشی “کاک قوباد بە هەموو مانایەک دەوڵەتداری کرد، هەرچەندە فشاری زۆری لەسەر بووە، بەڵام هەمیشە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت و دەزگاکان بکرێنە دامەزراوەیی. رۆڵێکی گرنگی بینی لەو چاکسازیانەی لە حکومەت کردمان و جێدەستی دیاربوو؛ وەک شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت، بایۆمەتری و چاکسازی لە وەزارەتی دارایی”.
نێچیرڤان بارزانی باسی سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی هەشتەمی کرد کە لە رۆژی یەکەمی کابینەکەوە تیمی ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵیداوە کوردستان بباتە قۆناخێکی نوێ و باشتر، بەڵام وەک خۆی گوتی “بەداخەوە لە سەرەتای 2014ـەوە قەیرانی جددی دەستیپێکرد کە سەرەتا بە بڕینی بودجە لە بەغداوە بە بیانووی هەناردەکردنی نەوت بوو، دواتریش هاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر، دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی داعش، کە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ داعش هەزار و 100 کیلۆمەتر بوو”.
نێچیرڤان بارزانی قۆناخی کابینەی هەشتەمی بە “سەختترین قۆناخ لە ساڵی 1991ـەوە” ناوبرد و گوتی پێشتر “چی لەڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە” کوردستان بە قۆناخی لەو شێوەیە سەختدا تێنەپەڕیبوو.
سەرۆکوەزیرانی پێشوو، هۆکاری تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە سەختەی بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە “یەکەم تێگەیشتنی هاوڵاتیان لەو قۆناخە سەختە. دووەمیش کارکردنی ئەنجومەنی وەزیران وەک یەک تیم. لێرەدا دەبێ دووبارە سوپاسی رۆڵی کاک قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لە حکومەت بکەم کە هەموویان پێکەوە مانەوە و شانیان دایە بەر ئەو سەختیەی لەم رێگەماندا هەبوو. ئەگەر یەکڕیزیی و یەک تیمی ئێمە نەبووایە، سەرنەدەکەوتین”.
لەبارەی قورسترین بڕیاری کابینەی هەشتەم، نێچیرڤان بارزانی گوتی “بۆ من وەک شەخس و کاک قوبادیش وەک جێگری سەرۆکوەزیران سەختترین بڕیار لە ژیانی سیاسی ئێمەدا کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران بوو. بەڵام تێگەیشتنی مووچەخۆران و هاووڵاتیان ئێمەی لەو قۆناخە سەختە رزگارکرد، ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نەبووایە موستەحیل بوو ئەو قۆناخە سەختە تێپەڕێنین، دواتریش مووچە ئاسایی بووەوە و سوپاس بۆ خودا چەند مانگێکە مووچە وەک خۆی دەدرێت. هیوادارین هەرگیز ئەو رۆژە ناخۆشانە دووبارەنەبنەوە”.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتی کرد و گوتی “هەموومان وەک یەک تیم کارمانکرد، بەڵام هەڵوێستی سیاسی وایکرد کە لە یەکدی دابڕاین، ئەمڕۆش پڕ بەدڵ سوپاسی هەر یەکەتان دەکەم، چی ئەوانەی نەمان و چی ئەوانەش کە مانەوە. ئیرادەی هەموومان پێکەوە ئێمەی گەیاندە ئێرە”.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تایبەتی رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی “دوای گەڕانەوەی خزمەتێکی باشی پێشکەشکرد”. هەروەها سوپاسی ئەو وەزیرانەی کرد، کە بەوەکالەت دوو وەزارەتیان بەڕێوەبردووە.
چەندین جار نێچیرڤان بارزانی باسی لە سەختی قۆناخی ساڵی 2014 تاوەکو 2018 کرد و گوتی “دۆخەکە ناخۆشبوو، لەڕووی سیاسییەوە هەموو ئامانجێک ئەوە بوو حکومەت نەمێنیت، باسی حکومەتی ئینقازی وەتەنی و کاربەڕێکەر دەکرا. ئەگەر بگەڕێینەوە دەبینین بەڕاستی ئەم چوار – پێنج ساڵە سەختبوون، بۆ هەمووان سەختبوون، بەڵام سەرکەوتنمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێکەوە کارمانکرد. ئێستاش لە قەیران دەرچووین و قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، پرسی کورد لە عێراق بۆ پێش ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، بەڵام خوازیارن لەم قۆناخە نوێیەدا لەگەڵ بەغدا کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەربکەن. “ئەوەی گرنگە دەبێ بەغدا دەرک بەوە بکات کە عێراق بەپێی دەستوور فیدراڵییە و دەبێ مامەڵەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەر بەپێی ئەوە بێت، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایەش کارمانکرد، کێشەکان چارەسەردەبن”.
نێچیرڤان بارزانی یادی شەهیدانی بەرگریی لە کوردستانی کردەوە و گوتی “سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین و هیوای چاکبوونەوەی بریندارەکانیش دەخوازین”.
هەروەها سوپاسی مامۆستایانی کرد کە رێگەیاننەدا پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت و بەردەوامبوون لە گوتنەوەی وانە بە قوتابیان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە “دەستکەوتەکان بە تەنیا هی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران نین بەڵکو هی ئەوەن هەموومان پێکەوە کارمانکرد”.
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و قوباد تاڵەبانی لە کابینەی نوێ دەربڕی و رایگەیاند، دەتوانن قۆناخێکی باشتر لەوەی رابردوو بونیاتبنێن لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.