نوچهنت
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سنووری سلیمانی دەڵێت “نەیانتوانی لە ناوخۆ بە ئامانجەکانیان بگەن لە سلێمانی دەستیان بە ئاژاوەگێڕيی کرد”.
دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا گوتی، دوو کارمەندی دەزگای میت لەو سلێمانی دەستبەسەرکران، نێوان ئەنقەرە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرژییان تێکەوت. بەڵام لە دوایین سەردانەکانیدا مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند؛ لەمەودوا جموجۆڵی بازرگانییان لە سلێمانیش دەبێت و ئاسمانی تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرایەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: “لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا شاهێدی چەندین رووداوی بەپەند و عیبرەت بووین کە زۆربەیان لە تەمموزدا روویانداوە. رێکخراوی جوداخواز دەستی بە پەلاماردانی بنکەکانمان و گرووپی سەربازانمان کرد لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ. لە بینگۆل لەکاتی گواستنەوەدا 33 سەربازمان کە بێ چەک بوون، شەهیدکران. لە سیڤاس رووداوێک روویدا کە تێیدا 33 میوان و 2 کارمەندی هۆتێل سووتان و گیانیان لەدەستدا. دیسانەوە لە باشباغڵار 33 هاووڵاتیمان لەلایەن تیرۆریستانەوە شەهیدکران”.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بە چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی کرد و گوتی: “ئەوانەی نەیانتوانی لە ناوەوە بە مەرامەکانیان بگەن، ١٠ ساڵ دوای ئەوە لە باکووری عێراق لە سلێمانی، دەستیان بە جۆرێکی دیکە لە ئاژاوەگێڕی کرد. ئەوانەی بە ئاشکرا و نهێنی پشتیوانیی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەکەن کە ماوەی 35 ساڵە وڵاتەکەمانی کردووەتە ئامانج، لە سووریا کەوتوونەتە دوای یاری و بۆسەی دیکە”.