نوچەنێت
ئەمڕۆ شەممە بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیازێکی یاسایی، پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی یاسایی خۆی ئەنجامدا و تیاشیدا، سەرکۆنەی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
هەروەها پێشتریش لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو، پەکەکە بارەگاکانی لە گوندەکان دوور بخاتەوە تاکو بەهۆی جەنگی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکان نەبنە قوربانی.
د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ئیدانەی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی کرد و رایگەیاند: “ئیدانەی بۆردومانەکان دەکەین و بە گوێرەی دەستووری عێراق، حکوومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند “داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، كه بەئەرکی خۆی بۆ پاراستنی سنوورەکان هەڵبستێت و قەرەبووی زیان لێکەوتووانیش بکاتەوە”.