نوچەنێت
وەزیری بەرگریی عێراق (نەجاح شمەری)، بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێندرێت لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی بە ناوی لیوا روکن مەحموود فەلاح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبارەوە بڵاوبوەتەوە، کە گوایە سیخوڕی بۆ وڵاتێکی دیکە دەکات و زانیاری لەبارەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە لایەنێک دەدات.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ماڵپەڕی خۆیدا رۆژی هەینی ٥-٧-٢٠١٩ بڵاویکردەوە “ئەم رێکارەی وەزیری بەرگری بۆئەوەیە وردبینی بۆ ئەو زانیارییانە بکرێت، لەپێناو خزمەتی گشتی و دەرخستنی راستییەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات”.
لە تۆمارە دەنگییەکدا دووکەس قسە دەکەن و دەگوترێت ئەو کەسەی قسە دەکات لیوا روکن مەحموود فەلاحییە و ئەوەش قسەی لەگەڵ دەکرێت عێراقییە و گوایە کار بۆ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەکەن.
لە قسەکاندا، هەردوولا باس لە گروپەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ئەنبار و رۆژئاوای عێراق دەکەن، هەروەها کەسەکە داوا دەکات “فەرماندەکە” زانیاری بۆ بنێرێت لەبارەی خاڵ و بارەگاکانی گروپەکانی حەشدی شەعبی و خاڵەکانی جی پی ئێسی بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی لەلایەن فڕۆکەوە بکرێنە ئامانج.
دواتر چەند نامەیەکی واتسئاپ دەخرێنەڕوو، کە گوایە لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبارە نێردراون، تێیاندا چەند خاڵێکی جی پی ئێس دەبیندرێن و لەبەرامبەری هەر پێگەیەکدا ناوی گروپێکی حەشدی شەعبی نووسراوە.
هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا، هەردوولا باسی ئەوە دەکەن، کە ئەو خاڵانە بە فڕۆکە دەکرێنە ئامانج.
لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا، کەسەکە دەڵێت ژمارەیەک کەسایەتی هەواڵگری دەیانەوێت “فەرماندەکە” رووبەڕوو ببین و پێشنیازی بۆ دەکات دیدارەکە لە دەرەوەی وڵات یان لە بنکەی سەربازیی حەبانییە ئەنجامبدرێت، لە کۆتاییدا رێکدەکەون لە بنکەی سەربازیی حەبانییە دیدارەکە ئەنجامبدرێت. هەروەها باسی ئەوە دەکەن، کە ناکرێت دیدارەکە لە باڵیۆزخانە بکرێت، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتی خاوەن باڵیۆزخانەکە بهێنن.
