نوچەنێت-الجزیرە
راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، قەیرانی سیاسی و سەربازی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.
فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هۆشداری لە بارەی ئەم قەیرانەوە دەدات و دەڵێت “ئەگەر شەڕی راستەوخۆ لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ڕووبدات، هیچ لایەنێک لە زیانەکانی بێبەری نابێت، بە تایبەت، کە عێراق زۆرترین زیانی بەردەکەوێ.
بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، عێراق ئەمریکای ئاگادار کردۆتەوە، کە ئەگەر لە ناوچەکە شەڕ ڕووبدات، بەغدا توانای کۆنتڕۆڵ و ئیدارەدانی دۆخی ناوخۆی نابێت.
فەیاز جەختیش دەکاتە سەر پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی هێزە بیانیەکانی جێگیر لە عێراق و دەشڵێت “بەڵام ئەگەر شەڕ ڕووبدات بەغدا توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی نابێت”.
راوێژکاری ئاسایشێ نیشتمانی عێراق هەروەها دەڵێت، دەبێ کیشە و ناکۆکیەکانی ئێران لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی، بە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.