نوچەنێت
بڕیارە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژی ٧ـی ئەم مانگە، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە و ئەوەش نیگەرانی لەلایەن ئەوروپا درووستکردوو و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هۆشداری دەداتە ئەوروپا لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران.
بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ١+٥، تاران بۆی هەیە تاوەکو رێژەی ٣.٦٧ یۆرانیۆم بپیتێنێت، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە و هەروەها جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی تاران لە یەکێتی ئەوروپا، پئێستا تاران هەڕەشەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر لەو ئاستەی بۆی دیارکراوە دەکات.
لە چەند رۆژی رابردوو، حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێران وەک گوشارخستنەسەر ئەوروپا رایگەیاند “ئەگەر وڵاتان پابەندی رێککەوتنەکە نەبن، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی %٣.٦ نامێنێتەوە، بەڵکو ئەو ئاستەش تێدەپەڕێنن و چەندیان پێویست بێت پووختەی دەکەن”.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو قسەیەی رووحانی وەردەگرێت و دەیکات بە توویتێک، رووی دەمی دەکاتە وڵاتانی ئەوروپا و دەڵێت “وریای هەڕەشە نوێیەکانی ئێران بن، وەها پێتانەوە دەدات، هەرگیز کەس وای بەسەر نەهاتبێت”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا دەڵێت “ئێران هۆشدارییەکی نوێی داوە، رووحانی دەڵێت: ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی بوونی نەبێت، هەرچەند بیانەوێت یۆرانیۆم دەپیتێنن، وریای هەڕەشە نوێکانی ئێران بن، ئەوان دەگەڕێننەوە بۆ پێوەدانی ئێوە، بەجۆرێک هەرگیز پێشتر کەس وای پێوەنەدرابێت”.