نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی لێدراو کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل نابێت.
ڕۆژی ٢-٥-٢٠١٩، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیدا، کە لێدراو، چاککراو و ژێرئاوکەوتوون و هاوردەدەکرێن بۆ ناوەی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە ١-٧-٢٠١٩، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتیانی هەرێم درووستکردووە بەوەی کە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئەمە بقۆستنەوە و نرخی ئۆتۆمبێل گران بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، سەبارەت بە کاریگەری بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل، ڕایگەیاند”بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی (لێدراو، چاککراو و ژێر ئاو کەوتوو) کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل نابێت، چونکە ئۆتۆمبێلی تر لەشوێنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دێت، بەو نرخەی کە لە بازاڕەکاندا هەیە”.
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، دەڵێت “ئەو نرخەی پێشووتر نامێنێت، کە ئۆتۆمبێلێکی لێدراوی پێدەهات، بەڵکو بەو نرخە دەبێت ئۆتۆمبێلێکی “کلین تایتڵ” بێت، بۆیە کاریگەری لەسەر بازاڕەکان نابێت، بەڵام کاریگەری لەسەر ژمارەی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و ڕێژەکەی کەمتر دەبێتەوە”.
نەوزاد ئەدهەم گوتیشی “ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە نەیەتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش دیارە ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە دەهاتن بەشێکی زۆریان بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق دەڕۆیشتن، ڕۆژانە تەنها لە هەولێرەوە ١١ شەحن و سلێمانی ٢ شەحن دەچوونە خوار و ناوەڕاستی عێراق، ئەمە جگە لەوەی، کە ڕۆژانە خەڵکی تر دەهاتن سەیارەی لێدراویان لە بازاڕەکانی هەرێم دەکڕی و دەیان بردەوە بۆ شارەکانی خۆیان”.