نوچەنێت
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پشتیوانی بڕیارەکانی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکات لەبارەی حەشدی شەعبییەوە و هاوکات داوادەکات هەمان بڕیار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەربچێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بڕیارێکدا سەبارەت بە حەشدی شەعبی رایگەیاند، کە ٣٠ رۆژ مۆڵەتیان هەیە تاکو وسەرجەم نووسینگە و لق و بازگەکانی خۆیان دابخەن.
هاوپەیمانی نەسر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کابینەی پێشوو لەڕێگەی لیژنەکی تایبەتمەندەوە بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە 7/3/2018دا فەرمانی دیوانی ژمارە 57ی دەرکرد لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی پەیکەری دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە ماوەی حکومەتی رابردوودا دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەو رێکخستن و پەیڕەوە و جیاکردنەوەی لایەنی سیاسی لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی دا.
هاوپەیمانی نەسر پشتیوانی لە رێوشوێنەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات و داوادەکات بەهەمان شێوە فەرمان و رێنمایی دەربکات بۆ رێکخستنی دامەزراوەی پێشمەرگە و بوونی هەموو هێزێکی سەربازی و نیمچە سەربازی دیکە.
ئەو هاوپەیمانییە جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکێتی و سەقامگیری وڵات پێویستی بە یەک هێزی هەیە و یەک دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەیە، هەڵاوێردنی هەر هێزێک لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو رێکخستنە و کۆنترۆڵ و ئاراستەی حکومی، دەبێتە هۆی رەخساندنی زەمینەی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و لەدەستدانی شکۆ و سەروەرییەکەی.