نوچەنێت
بەرێوەبەرایەتی بانکی نیشتەجێکردنی هەولێر، ئاگادارییەکی لەبارەی مامەڵەی گەڕاندنەوەی پارەی زیانلێکەوتوانی گوندی کۆری بڵاو کردەوە.
گوندی کۆری له ساڵی ٢٠١٤، بهپێی رێککهوتنێک لە نێوان حکومهت و کۆمپانیایهک لە ھەولێر، لەسهر رووبهری ههزار و٥٩٢ دۆنم زەوی، وەک هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی کرێنشین بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە ٥٠٠٠یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پڕۆژکە تەواو نەکرا. ئێستا حکومەت بڕیاری قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیانیداوە بە گەڕاندنەوەی پارەکەیان کە بڕی ٧هەزار دۆلارە، هەروەها پێدانی زەوییەکی ٢٠٠مەتری.
بانکی نیشتەجێکردنی هەولێر، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، تێیدا زیانلێکەوتوانی پرۆژەی گوندی کۆری ئاگادار دەکاتەوە کە لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ بانک بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پارەکانیان، دەبێت هەردوو بەڵگەنامەی پسولەی رەسەن و پێناسی باری شارستانی یاخود کارتی نیشتمانی رەسەنیان پێ بێت.
هەروەها داوادەکەن کە قۆناغی یەکەم ئەو هاووڵاتییانە سەردانی بانک بکەن، کە پسوولەی پارەکە بەناوی خۆیانەوەیە و خۆیان ئامادەبن بۆ وەرگرتنی پارەکە، کە بڕیارە سبەی چوارشەممە دەست بە پێدانەوەی بکرێت.