نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەی کێشەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم، دوو پێشنیاز ئاراسەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان کراوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢-٧-٢٠١٩ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەتێپەڕبوونی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردن، لەگەڵ هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کۆبووەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند”ئەمڕۆ وەک لیژنەی یاسایی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کۆبووینەوە و ئەوانیش پڕۆژەی خۆیان هەبوو بۆ چارەسەری کێشەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە پڕۆژەکەیان دوو بڕگەی لە خۆ گرتووە و ئاراستەی ئێمەیان کرد، ئێمەش سبەی کۆبوونەوە لەسەر پێشنیازەکانی ئەوان ئەنجام دەدەین”.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەشان، سەرۆکی لیژنەی یاسایی، دەڵێت”داوکاری یەکەمیان ئەوە بووە چارەسەری ئەم کێشەیە بکرێت، بەوەی کە خولی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم تەمدید بکرێتەوە یان ئەوتا هەر ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتەواوی نەمێنێت”.
بژار کۆچەر ئاماژە بەوەدەکات، پێشنیازی دووەمیان ئەوە بووە ڕێگا بدرێت پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بتوانێت ببێتە پارێزگار، گوتیشی”ئێمە وەک لیژنەی یاسایی هەردوو پێشنیازەکەمان بەلاوە باش بوو، بۆئەوەی لەناو پڕۆژەیاسایەکی پێشنیاز کراو دا جێگر بکرێت”.