نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بڕیاریدا بچێتە نێو هێزە فەرمییەکان و هەموو ئەو بارەگایانەی، کە ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لەسەرە دابخرێن. هەروەها رێگە بە هیچ هێزێکی چەکداری نادرێت بە نهێنی یاخود ئاشکرا کاربکات لە دەرەوەی رێنماییەکان، ئەوکات بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێت و دەستگیردەکرێت.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەرکرد و تێیدا هاتووە، دەبێت حەشدی شەعبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان رابگرێت، هەموو ئەو بارەگایانەی کە ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لەسەرە دادەخرێن و هەموو بازگەکانیان دادەخرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 1-7-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمانێکی دیوانی ژمارە (237) چەندین بڕیاری لەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد، لەوانە: هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لە هێزە چەکدارەکان، لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکداران دەبێت، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەرپرسیانە و لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاریدەکرێت.
بەپێی بڕیارەکە، هەموو ئەو ناوانە نامێنێت، کە پێشتر هەبوون و هێزەکانی حەشدی لە جەنگی دژی داعش بەکاریان هێناوە.
رێکخستنی سەربازیش دەبێتە (فرقە، لیوا، فەوج .. هتد)، حەشدی هۆزەکان یاخود هەر هێزێکی دیکەی خۆجێی لەسەر ئاستی نیشتمانی، کارمەندەکانیان پلەی سەربازی کارپێکراوی هێزە چەکدارەکان هەڵدەگرن.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریداوە، ئەو هێزانەی نایانەوێت پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانەوە بکەن دەتوانن ببنە رێکخستنێکی سیاسی ملەکەچ بۆ یاسای پارتەکان، یاسا، رێکخستنەکانی کاری سیاسی و کۆمەڵگەیی.
هاوکات رێگە نادرێت ئەو هێزانە چەک هەڵبگرن تەنها بە مۆڵەت نەبێت، ئەوەش بۆ پاسەوانی بارەگانیان و بەرپرساکانیان وەک تەواوی رێکخستنە سیاسییەکان. هەموو ئەو بارەگایانەش دادەخرێن، کە ناوی هێزەکانی نێو حەشدی شەعبیان لەسەرە لە شار یاخود دەرەوەی شارەکان.
هەر لە درێژەی بڕیارەکانیدا هاتووە، رێگە بە هیچ هێزێکی چەکداری نادرێت بە نهێنی یاخود ئاشکرا کاربکات لە دەرەوەی رێنماییەکان، ئەوکات بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێت و دەستگیردەکرێت.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی جەختی لەوەکردووەتەوە، کە 31-7-2019 وەک دوایین وادە دیاریکراوە بۆ کۆتایی هێنانی کارەکان بەپێی ئەو رێکارانە، دواتریش بڕیار دەردەچێت لە بارەی پەیکەری حەشدی شەعبی و هێزەکانی.