نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، لەم کاتەدا چەندە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک پێویستە، ئەوەندە زەرورە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک پێش دانانی پارێزگار بێت.
ئەمڕۆ هەردوو حزبی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک کۆبوونەوە. دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بیروبۆچوونەکانیان لەبارەی دانانی کەسێک بە پارێزگاری کەرکوک لەیەکەوە نزیکن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد حوسێن کوێخا ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە دانانی پارێزگاری کەرکوک، ڕایگەیاند”لە ئێستادا کەرکوک بە بارودۆخێکی زۆر هەستیار و نە خوازراودا دەڕوات. دەسەڵاتی سەربازی بەسەردا سەپێندراوە و پارێزگار لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە من پێموایە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک لە لایەن کوردەوە کاتێک پێویستە، کە دەسەڵاتی ئیداری و جێبەجێکردن بتوانێت دەسەڵاتی خۆی جێبەجێیبکات، هەروەها لەژێر هەیمەنەی ئەو دەسەڵاتە سەربازیییەی کە هێزی نامۆ هاتووەتە شارەکە و خۆی سەپاندووە دەربچێت”.
ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی، جەختیکردەوە”هەرکاتێک دۆخی پارێزگای کەرکوک، ئاسایی بکرێتەوە و ئەو دۆخە عەسکەرتارییەتەی کە لەشارەکە هەیە کاڵبێتەوە و نەمێنێت، دەسەڵاتی ئەمنی بدرێت بە پۆلیسی محەلی، لە سنورەکاندا بەپێی ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، دیاری بکرێت کە بەچ میکانیزمێک هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق هاوبەشانە بتوانن ئیدارەی سنوری پارێزگای کەرکوک بپارێزن، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کارا بکرێتەوە، ئەوکاتە پارێزگار دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت”.
ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە ئەو پارێزگارەی دادەنرێت هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکوک لەسەری ڕازیبن، گوتیشی”لەم کاتەدا هەر کەسێک دابنرێت و هەر دەسەڵاتێکی هەبێت، تووشی گرفتی زۆر دەبێتەوە، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەدەیان پۆستی ئیداری و سەربازی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، پێویستە ئەمانە بکەونەوە سەر سکەی ئاسایی خۆیان،”.
فوئاد حوسێن، دەڵێت”هەندێک پرسی دیکە هەیە پارێزگار دەتوانێت ڕۆڵی خۆی تێدا ببینێت، چونکە جگە لەوەی کە سەرۆکی وەحدەی ئیداریییە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیشە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بەم هەیمەنەتە سەربازییەی، کە لە کەرکوک هەیە ناتوانێت وەک پێویست ئادای خۆی جێبەجێبکات، ڕەنگە لە کۆتاییشدا تووشی شەرمەزاری بێت”.