نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەموو حاڵەتێکدا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕادەگەیەنێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٣٠-٦-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی ٨٤ پەرلەمانتار بڕیاری بۆ ماوەی ١٥ رۆژ، درێژکردنەوەی خولی بەهارەیدا، بۆئەوەی لایەنەكانەسیاسییەکانی هەرێم لە بارەی پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوودا بتوانن بگەنە رێككەوتنی کۆتایی و ناوی کاندیداکانیان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بنێرن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەهمەن کاک عەبدوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پێکهێاتنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند”ماوەی یاسایی لە بەردەم کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ١٢-٧-٢٠١٩ یە و دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەو کاتەوە، ئەوکاتەش دەکەوێتە سەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئایا چ بڕیارێک ئەدات، کابینەی کەی دێنێتە پەرلەمانی کوردستان یان نا”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختیکردەوە، کە لە هەموو حاڵەتەکاندا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، کابینەی نوێی حکومەت ڕادەگەیەندرێت، گوتیشی”پێکهێنانی حکومەت ماوەی یاسایییەکەی تەواو دەبێت و هیچ کەسێکیش ئامادەنییە لە پێناوی حزبێکی تردا ماوەی یاسایی خۆی لەدەستبدات، بەپێی یاسا”.
سەبارەت بەوەی ئەگەر یەکێتی بڕیاری نەدا بێتە حكومەت؟ بەهمەن کاک عەبدوڵڵا دەڵێت”ئەگەر یەکێتی نیشتمانی خۆی بڕیاریدا، کە نەیەتە حکومەتەوە بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی پێکهێانی حکومەت ناوەستێت و لەماوەی یاسایی خۆیدا کابینەی حکومەت ڕادەگەیەندرێت”.