نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ناو پەڕلەمان واژۆ لەسەر کازم سەیادی کۆ کراوەتەوە، لەسەر ئەوەی کە گووتبووی پۆست لەعێراق دەفرۆشرێت.
کازم سەیادی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، کڕین و فرۆشتن لەعێراق بە پۆستەوە دەکرێت، بەجۆرێک، کە پۆستی بەڕێوبەری گشتی یەک ملیۆن دۆلار، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی نیو ملیۆن دۆلار، بریکاری وەزارەت زیاتر لە دوو تا سێ ملیۆن دۆلار.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی پۆست لە عێراق، ڕایگەیاند”ئەوانەی کە باسدەکرێن هەر قسەن و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر هەر کەسێک کاری کڕین و فرۆشتن لە عێراق بە پۆستەکانەوە بکات، کارێکی نایاسایییە و بەپێی یاسا سزای توند دەدرێت، چونکە ئەوە پێچەوانەی عورف و یاسایە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت”لە ناو پەڕلەمانی عێراق واژۆ لەسەر کازم سەیادی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی عێراق کۆ کراوەتەوە، دوو ئەگەر هەیە یان ئەوەتا دەیدەنە قەزا، یان ئەوەتا دەیدەنە لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە”.
شێروان میرزا زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی”ئەگەر کازم سەیادی، بەڵگەی هەیە کڕین و فرۆشتن بەپۆستەوە کراوە دەبێت بەڵگەکانی بخاتە ڕوو ، ئەگەرنا بەگشتی و بێ بەڵگە تۆمەتبارکردنی حكومەتی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەم شێوەیە قبوڵ نییە”.