نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم سێکتەرەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لە بەردەم هەڕەشەی لە ناو چوون و وێران بووندان.
دهیان ملیار دینار له باخچهكانی سلێمانی خەرج كراوه، بەڵام بههۆی دابیننهكردنی ئاو بۆ سهوزایی ناوشار و باخچهكانی سلێمانی، چیمهن و درهختهكانی زهرد بوون و بهرهو وشكبوون دهڕۆن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە وشکبوونی سەوزایی و باخچەکانی سلێمانی، ڕایگەیاند”سەرجەم سێکتەرەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لە بەردەم هەڕەشەی لە ناو چوون و وێران بووندان، بەتایبەتی باخچەکان و سەوزایییەکان، کە کاریگەری باشیان هەیە لە پاراستنی ژینگەی شار و تەندروستی هاوڵاتیان”.
سەبارەت بەهۆکاری وشکبوونیان ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت”بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەکان، کە لەکاتی پێویستدا بەکوالێتییەکی بەرز درووستنەکراون، بۆیە دەبێت پێش ئەوەی بیر لە ناشتنی درەختێک بکەیتەوە دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە چۆن ئاوی بۆ دابین دەکەیت و دەی پارێزیت، هەروەها هۆکارێکی دیکە، دەگەڕێتەوە بۆ بێ پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ناتوانێت بودجەی پێویست بۆ شارەوانییەکانی ئەم سنورە دابین بکات”.
ئەنورە تاهیر گوتی” ئاودانی باخچەو سەوزایییەکانی شار پێویستی بە دابینکردنی بودجە هەیە، بۆئەوەی تەنکەری پێویست بۆ ئاودانیان دابین بکرێت، بەشێکیان پێویستیان بە لێدانی بیر هەیە، بۆ ئەوەی سیستەمی قەترەیان بۆ دابینبکرێت، دەبێت کرێکار و ئامێری پێویستیان بۆ دابینبکرێت، ئەتوانم بڵێم ئەو تەنکەرانەی ئاوی باخچەکانیان پێ ئەدرێت، بەنزین و گازی پێویستان نییە”.