نوچەنێت
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای دەکات، کە شەوی رابردوو (٢٨/٢٧-٦-٢٠١٩) لە گوندی کانی کەوەی سەر بە ناحیەی وارماوە برایەک گوللەیەک لە سەری براکەی دەدات و دەیکوژێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە “شەوی رابردوو لە گوندی کانی کەوەی سەربەناحیەی وارماوای قەزای شارەزوور کەسێک بەناوی (ن،ع،ف) گوللەیەک دەنێت بەسەری براگەورەکەی خۆیەوە بەناوی (ه،ع،ف) و برینداری دەکات.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە “دوای گەیشتنی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوا بۆ شوێنی رووداوەکە، بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ گواسترایەوە و دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە رێگەدا گیانی لەدەستدا”.
بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی، دوای رووداوەکە پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد و دوای دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار، بەچەند کاتژمێرێک تواندرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دەستیش بەسەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا بگیرێت، کە بە تۆمەتبار بووە.
پۆلیسی سلێمانی گوتیشی “تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە”.