نوچەنێت
بەحرەین باڵیۆزی وڵاتەکەی دوای رووداوی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق بانگهێشت دەکاتەوە.
دوای ئەوەی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە شاری بەغدا، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین، ئەو وڵاتە بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەکەی بانگهێشت بکاتەوە و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بپارێزێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و ٥٤ کەسیش دەستگیرکران، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانیش، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی لەو رووداوە دەربڕیووە و جەختی لەسەر پاراستنی نێردە دیبلوماتییەکان کردووەتەوە.
خۆپیشاندەران دژی سیمینارەی مەنامە بوون، لەبارەی هێنانەدی ئاشتی و بوژانەوەی ئابووری ناوچە فەڵەستینییەکان، کە تیایدا نوێنەرانی حکوومەتی ئیسرائیلیش ئامادەی بوون.