نوچەنێت: تایبەت
جێگری سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ گروپ و دەستەیەک ناتوانێت لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، چونکە ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە راگەیاندنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، گروپێک، کە چەکیان پێیە و دەموچاویان دەمامک دراوە، خۆیان وەک “هێزی پاراستنى جەوهەریی باشووری کوردستان” دەناسێنن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی راگەیەندراوی گرپێک بەناوی “هێزی پاراستنى جەوهەری باشووری کوردستان”، رایگەیاند: هیچ گروپ و دەستەیەکی لەوشێوەیە ناتوانێت لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، چونکە ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و هێزی پێشمەرگەش ئامادەی هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک هەیە. هەروەها هاوڵاتیانی هەرێم لە هەر ناوچەیەک هەر جۆرە مەترسییەک هەست پێبکەن رووبەرووی دەبنەوە یان لایەن پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەنەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان دەشڵێت “ئەو جۆرە کەس و گروپانە مەگەر سەری خۆیان لە تاشەبەردەکانی کوردستان بدەن، ئەگەرنا خەڵکی کوردستان زۆر لەوە وشیارترە و لەماوەیەکی کورتدا کۆتاییان پێ دێت”.