نوچەنێت
ئێوارەی ئەمڕۆ لەمیانی شەڕی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومانی دوو گوند لە بناری قەندیل، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەموویان لە یەک خێزانن.
بۆردوومانەکانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٢٧-٦-٢٠١٩)ـی بناری قەندیل لەدوای ئەوەهات، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە راگەیاندنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، گروپێک کە چەکیان پێیە و دەموچاویان دەمامک دراوە، خۆیان وەک “هێزی پاراستنى جەوهەریی باشووری کوردستان” دەناسێنن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گوندەکانی بڕەدێ و عاشقووڵکە بۆردوومانکراون و بەهۆیەوە چوارکەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش بریندارن.
شایەتحاڵەکان دەڵێن، کە عەبدوڵڵا ئاڵی مینە لەگەڵ سێ منداڵی گیانیان لەدەستداوە و سێ منداڵی دیکەی لەگەڵ هاوژینەکەی و بووکێکی بریندارن.