نوچەنێت
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی تووند لە ئێران کرد و گوتی، سەرکردایەتی ئەو وڵاتە لە قسەی خۆش تێناگات و تەنیا لە هێز تێدەگات، ئەمریکاش خاوەن بەهێزترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە وەڵامی سزاکانی نوێیەکانی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی کە عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەشی گرتەوە، گوتی ”مەگەر ئەمانە ناڵێن باپێکەوە گفتوگۆ بکەین؟ باشە، ئەگەر ئێوە بەڕاستتان بێت کە دەتانەوێت گفتوگۆ بکەن، هاوکات دێیت و سزا لەسەر وەزیری دەرەوە دادەنێیت؟ کەوابوو روونە کە درۆ دەکەیت”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەر رایگەیاند “سەرکردایەتی ئێران هەرگیز لە وشەی خۆش و بەزەیی تێناگات. بەداخەوە ئەو شتەی لێی تێدەگەن هێز و توانایە، ئەمریکاش بەجیاوازییەکی زۆر خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازیە لە جیهاندا، کە لە دوو ساڵی رابردوودا تریلیۆنێک و 500 ملیار دۆلاری تێدا خەرجکردووە.
ترەمپ گوتیشی “خەڵکە باشەکەی ئێران، بەبێ هۆکار ئازار و مەینەتی دەکێشن، سەرکردەکانیشیان هەموو پارە بۆ تیرۆر خەرجدەکەن و کەمێکیش بۆ هەموو شتەکانی دیکە”.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەمریکا بۆمب و مینە چێندراوەکانی ئێرانی لەبیرنەکردووە، کە دوو هەزار ئەمریکیان کوشتن و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندارکردن.
ترەمپ لە وەڵامی قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران، کە لە لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو “ئەمریکا راست ناکات، ئەگەرنا چۆن داوای گفتوگۆ دەکات و سزاش دەخاتە سەر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان”، دەڵێت، ئەو قسەیەیان تەنیا ئەوە نیشاندەدات، کە ئەوان لە راستییەکان تێناگەن.
ترەمپ هەڕەشەدەکات و رایگەیاند “ئێران هێرشبکاتە سەر بەرژەوەندییەکانمان وەڵامێکی گەورە و تووندیان دەدەینەوە، لە هەندێک باردا مەبەستمان خاپوورکردنە”.