نوچەنێت: تایبەت
چالاکێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێران دەزانێ، کە “کات” لەبەرژەوەندیی دا نییە و رۆژ بە رۆژ گامارۆکان زێدەتر گەرووی دەگووشن؛ هەر بۆیە لە ناوچەکەدا دەستی کردووە بە گێرەشێوێنی و ڕۆکێت هاوێژی.
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێک، کە هەردەم مەترسی هێرشی توند و بەربڵاوی لێدەکرێ و مەترسییەکی گەورەش دەبێ لە ناوچەکە بە گشتی، هەڵسووکەوتی ئەمریکا لە گەڵ سەرکێشییەکانی ئێران بە شێوەیەکە، دوور ە چاوەڕوانی چاودێرانە بەتایبەت لە دوای کەوتنەخوارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا و هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوت هەڵگر لە گەرووی هورمز.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عیرفان رەهنمون، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، رایگەیاند: ئێران دەزانێ، کە “کات” لەبەرژەوەندیی دا نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ گامارۆکان زێدەتر گەرووی دەگووشن؛ هەر بۆیە لە ناوچەکەدا دەستی کردووە بە گێرەشێوێنی و ڕۆکێت هاوێژی. ڕۆکێت هاوێژییەک، کە ڕاستەوخۆ تا ئێستا خودی ئامریکای نەکردۆتە ئامانج و تەنیا شانۆیەکە، کە بێژێ من هەیولایەکی مەترسیدارم و لەئەگەری شەڕ دا، ناوچەکە قووت دەدەم.
عرفان رەهنمون دەڵێت، سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا ئەوەیە، کە لەگەڵ ئێران دا جەنگ ڕوونەدات، ئەویش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە:
یەکەم، جەنگ دەتوانێ کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ٢٠٢٠ دا ، بە زیانی کۆماریخوازان و بە سوودی دیموکراتەکان دابنێ. ئیدارەی ترامپ نایەوێ ئەو ریسکە بکات، چونکە کایەکە، ئێستا لە بەرژەوەندی کۆماریخوازەکان و هەڵبژێرانەوەی دۆناڵد ترامپ دایە.
دووەم، جەنگ لەگەڵ ئێران، ڕەهەندی مرۆیی، سیاسی، ئابووری و ژیئۆپۆلتیکی زێدەتر و بەربڵاوتری هەیە لە بەراورد لەگەڵ جەنگی عێراق و ئەفغانستاندا؛ هەر بۆیە ئەمریکا نایەوێ کە گشت ئەو بەرپرسایەتییە بە تەنیا بکەوێتە ئەستۆی ئەو و لە ڕێگەی “شەڕخواز” پیشاندانی ئێرانەوە، دەخوازێ “کۆدەنگییەکی جیهانی” بە دژی ئێران پێکبێنێ.
ئەو چالاکە سیاسییە پێیوایە، کە درێژەی ئەم سیاسەتە تا کاتێکە، کە ئێران بە ڕوونی، هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ئەگەری ڕوودانی کردەوەیەکی وادا، گورزی سەربازی حەتمییە و ئێرانیش باش ئەوە دەزانێ و هەر بۆیە تا ئێستا، پەڕکێشی ئەوەی نەکردووە.